کوردستان میدیا

دووشەممه 1ی گەلاوێژ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووری چەکی دەستی بەربژێرەکان بۆ فریودانی خەڵک

16:55 - 19 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: سەرباری وادە و بەڵێنییە درۆئینەکانی بەناو بەربژێرەکان بۆ شانۆی هەڵبژاردن، ئەم کەسانە کەڵکاژۆ لە دۆخی نالەباری ژیانی خەڵک و هەژاری و برسیەتییەکانیش وەردەگرن.

ڕۆژنامەی کەیهان لە نوێترین ژمارەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کەسانێک لە گوند و شار و شارۆچکە بێبەش کراوەکانی ئێران دا هەڕەشەیان لە خەڵکی بێدەرەتان و کەم داهات و هەژار کردووە کە ئەگەر دەنگ بە روحانی نەدەن بودجە و یارانەکانتان لێ دەبڕین.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی قانون لە ڕاپۆرتێکدا هەر لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: کە بەربژێرەکان و لە نێویاندا قالیباف دەستی کردووە بە وادە و بەڵێنی بێ بنما و وتوویەتی: ئەگەر ببمە سەرکۆمار لە ماوەی ٤ ساڵدا داهاتی گشتی وڵات ٢ قات و نیو زیاتر دەکەم بە چەشنێک کە وەپیش وڵاتانی فەڕانسە و بریتانیا و کانادا و ژاپۆن بکەوین.

ئەم بانگەشە بێ بنەمای قالیباف لە کاتێکدایە کە بەپێی زانستی ئابووری تەنیا مەرجی بردنەسەری ئاستی داهاتی گشتی وڵات زیادکردنی سەرمایەدانانە لە وڵاتدا؛ ئەگەر وەها گریمانە بکەین کە ناوبراو بتوانێ زۆربەی کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییەکانیش بۆ سەرمایەدانان پەلکێشی ئێران بکات بە پێی زانستی ئابووریی پێویستە ١٥% ڕێژەی سەرمایەدانان زیاد بکرێت تاکوو گەشەی ئابووریی یەک ڕەقەمی بێتە دی.

بەپێی دوایین ئاماری بانکی جیهانی بۆ ساڵی ٢٠١٥ داهاتی ناپاقژی نەتەوەیی ئێران ٥١١ میلیارد دۆلار بووە؛ ٢قات و نیو زیادکردنی ئەم داهاتە بەو واتایە دێت کە قالیباف دەبێ لە ماوەی ٤ ساڵ دەسەڵاتداری خۆیدا ئاستی داهاتی ناپاقژی نەتەوەیی بگەیێنێتە ١٢٧٧ میلیارد دۆلار!

بەم پێیە ئایا دەکرێ بڵێین قاڵیباف دەتوانێ ئێران وەپیش وڵاتانێکی وەک کانادا و فەڕانسە بخات؟

ئەمانە تەنیا چەند نموونەیەکی بچووکن لەو درۆ و دەلەسانەی کە بەربژێرەکانی سەرکۆماری ڕێژیم بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و گەرم کردنی تەنووری هەڵبژاردن بەڕێوەی دەبەن؛ غافڵ لەوەیکە ئەم خەنە چیدیکە ڕەنگی نەماوە.