کوردستان میدیا

یەکشەممە 31ی خەرمانان 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: حیزبی دێموکرات دژی ڕێژیمی ئێران خەبات دەکات

12:17 - 19 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان، هۆشداری به هاووڵاتییانی دا له سه‌فه‌ر بو چه‌ند ناوچه‌یەکی ئێران و یەک له‌وانه کوردستان خۆیان بپارێزن.

له چوارچێوه‌ی ئاگادارکردنه‌وه‌ی هاووڵاتییانی ئاڵمانی له پێوه‌ندی لەگه‌‌ڵ سه‌فه‌ر بو ئه‌و وڵاتانه‌ی که ئاسایشیان سه‌قامگیر نییه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان، له دوایین به‌ڕۆژکردنه‌وه‌ی ئه‌و هۆشدارییانه‌دا داوای له‌و هاوڵاتییانی کردووە، که به‌رنامه‌ی سه‌فه‌ر بو ئێرانیان هه‌یه، له سه‌ردانی چه‌ندین ناوچه‌ی ئێران و له‌وانه به‌لووچستان، کوردستان و خووزستان خۆ ببوێرن.

له‌م هۆشدارییه‌دا ئاماژه‌ به‌وه کراوه، که له ناوچه‌ی به‌لووچستان زۆر جار شه‌ڕی چه‌کداری له نێوان هێزه‌‌کانی ئێران و گرووپه چه‌کداره‌ دژبه‌ره‌کانی ئێران هاتووەته ئاراوه و به‌رده‌وامیش تێکه‌ڵچوون ڕوو ده‌دات.

هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا، باسی بارودۆخی خووزستانیش کراوه. له‌وێدا ئاماژه به‌ تێکه‌ڵچوون و هێرشی چه‌کداری و ته‌قینه‌وه کراوه که بەگشتی دۆخی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی نائه‌من کردووه.

له‌م ڕاپۆرته‌دا، هه‌روه‌ها باسی باری ئاسایشی کوردستان کراوه و له‌و به‌شه‌دا هاتووه، که له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبه‌ت له ساڵی ٢٠١٥ی زایینییه‌وه به هۆی تێکه‌ڵچوونه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی هێزه کوردییه‌ دژبه‌ره‌کانی ڕێژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێران و هێزه‌کانی ڕێژیمی ئێران ئاسایشی کوردستان سه‌قامگیر نییه.

 له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا باس له‌وه کراوه، که ئامانجی کرده‌وەی‌ سه‌ربازیی هێزه کوردییه‌کان، هێزه چه‌کداره‌کانی ڕێژیمی ئێران و داموده‌زگاکانی حکوومه‌تن و به هیچ جۆرێک خه‌ڵکی سیڤیل و تووریست نه‌کراونه‌ته ئامانج.

له ڕاپۆرته‌که‌دا به ڕوونی ئاماژه به‌وه ده‌کرێت، که ئه‌و هێزانه‌ی لەگه‌ڵ چه‌کدارانی ڕێژیم تووشی تێکه‌ڵچوون بوون سه‌ربه حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن. ڕاپۆرته‌که باس له‌وه ده‌کات، که به هۆی ئه‌و شه‌ڕانه‌وه کۆمه‌ڵێک چه‌کداری هه‌ر دوولا گیانیان له ده‌ست داوه. هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش کراوه، که به هۆی تێکه‌ڵچوونه‌کانه‌وه ناوچه سنوورییه‌کانی نێوان ئێران و عێراق به هێزی نیزامی زۆر ته‌نراون.