کوردستان میدیا

پێنجشەممه 24ی خەزەڵوەر 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌شداری نوێنه‌ری حیزبی دێموكرات له‌ كۆنفرانسێكی تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین له‌ كاتالۆنیا

15:38 - 4 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: كۆنفرانسێكی تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسی مافی چاره‌ی خۆنووسین، به‌ به‌شداریی د. عه‌لی عه‌بدیلزاده‌، نوێنه‌ری حیزب له‌ ڕێكخراوی نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان (UNPO)، به‌ڕێوه‌چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هه‌ینی ڕێکەوتی ١ی پووشپه‌ڕی ١٣٩٧ ی هه‌تاوی، له‌ كاتالۆنیا، كۆنفرانسێک له لایه‌ن ڕێكخراوی نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان (UNPO) و چه‌ند ڕێكخراوێكی تر لە چه‌ندین پانێلی جیاواز له‌سه‌ر پرسی مافی چاره‌ی خۆنووسین بەرێوە چوو.

 به‌شێك له‌ پانێله‌كه‌ن به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و له‌ روانگه‌یه‌كی تۆڕییه‌وه‌ باسیان له‌ سه‌ر چه‌مكی مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌كرد، به‌شێكی تر له‌ پانێڵه‌كان ته‌رخان كرابوون بۆ باسكردن له‌ سه‌ر پرسی ڕێفراندۆم و مافی چاره‌ی خۆنووسین له‌ كاتالۆنیا و باشووری كوردستان.

له‌ په‌یوەندی له‌گەڵ پرسی  مافی چاره‌ی خۆنووسین و ڕێفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌ باشووری كوردستان، كه‌ له‌ ٢٥ سێپتامبری ساڵی ٢٠١٧ به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڕێز فاخر گراڤی بە نوێنەرایەتی پارتی دێموکراتی کوردستان، وتارێکی پێشكەش به‌ به‌شداربووانی كۆنفرانسه‌كه‌ كرد.

له‌ به‌شێكی قسه‌كانیدا به‌رێز گراڤی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ عێراق هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی دامه‌زرانییه‌وه‌ تاكوو ئێستا هه‌رگیز له‌ ئاشتیدا نه‌بوو، چ له‌ ناوچە و چ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ. له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا به‌رێزیان روونی كردەوه‌ كه‌ ڕێفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌ باشووری كوردستان له‌ سه‌ر بنه‌مای چه‌ندین هۆكاری جیاواز ڕێكخرا، له‌وانه‌ دانپێدانه‌نانی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان و قوربانییه‌كانی گه‌لی كورد.

 له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا به‌ڕێز گراڤی دووپاتی كردەوه‌ كه‌ ته‌نیا پابه‌ندبوونێكی ته‌واو و جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عێراق ده‌توانێ ببێته‌ زامنی ئاشتی و كۆتایی هێنان به‌ گرفته‌كان.

دوای چه‌ند كاتژمێر كاری به‌رده‌وام كۆنفرانسەکە كۆتایی به‌ كاره‌كانی خۆی هێنا.