کوردستان میدیا

شەممه 2ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ یەکەمجار فستیڤاڵێک لەژێر ناوی \"دەنگە ئەفسانەییەکانی تەموورە \" لە داڵاهوو بەڕێوە دەچێت

22:40 - 21 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: بۆ یەکەمجارە کە لە شاری کرماشان کە بە زێدی تەموورە ناسراوە و گەورەترین ژەنیارەکانی ئەم سازە لە دایکبووی کرماشانن، لە گۆندی بانزەلانی خواروو لە شارستانی داڵاهوو فستیڤاڵێک بە بەشداری کردنی ٧٠ هونەرمەندی تاکژەنیاری و ١٣ گرووپ بەڕێوە دەچێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە شاری داڵاهوو، ئەم فستیڤاڵە دوێنی و ئەمرۆ ڕێکەوتی ٢٠ تا ٢١ی خەرمانان، کە ئەمرۆ کۆتایی ئەم ڕێوڕەسمەیە، بە بەشداری کردنی هونەرمەندانی هەموو شارەکانی پارێزگای کرماشان و هونەرمەندانی هەمەدان، لورستان، کەرەج و تاران بە پێشکەش کردنی بەرهەمەکانیان لەم فستیڤاڵە بەشداریان کردووه.

هەروەها جێگەی ئاماژەیە کە هونەرمەندە گەورەکان وەکوو: کیهان کەلهوڕ، شارام نازری، عەلی‌ئەکبەر مورادی، موحەممەد ڕەزا دەرویشی، عەلیڕەزا فەیزبەشی‌پوور، ئارشام خورسەندپوور، حەیدەر کاکی، بێهزاد مورادی، فەرزاد شاسواری، سەید نادر ئوجاق و ئارش مورادی، وەکوو نووسینگەی ئەم فستیڤاڵە، دیاری کراون.

ئەم فستیڤاڵە لە هۆڵێک کە تەنیا جێگای ٢٠٠ کەس دەبێتەوە، لە گۆندی بانزەلان بە نێوی ماڵی تەموورەی مامۆستا عەلی‌ئەکبەر مورادی ساز کراوە بەڕێوە دەچێت و هەروەها ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی ئەم فستیڤاڵە لە دەرەوەی هۆڵەکە بەڕێوە چووە و بڕیار وایە کە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئیوارەی ئەمڕۆ لە دەرەوە بەڕێوە دەچێت.

ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەم فسیڤاڵە بە وتەی هونەرمەند عەلی‌ئەکبەر مورادی، پاراستنی سازی تەموورەیە کە بەشێک لە کولتووری ناوچەکەیە و باسی لەوە کردووە، کە هەوڵ دەدەین کە ئەم فستیڤاڵە بە بەردەوامی هەموو ساڵێک بەڕێوە بچێت.

سازی تەموورە زیاتر لە حەوت هەزار ساڵ مێژووی هەیە و وەکوو سازێکی کۆنی کوردی ناسراوە و بەشێک لە مێژووی کولتووری کوردستانە و کۆنترین سازێک بووە لە دونیادا کە ژەنراوە.

بەڵام جێگەی داخە لە کرماشان کە بە زێدی تەموورە ناسراوە، لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیم بە ئەنقەست هەوڵ دەدرێ کە ئەم سازە لە کولتووری کوردستان بسڕنەوە و لەم شارەدا کە گەورەترین ژەنیارەکانی ئەم سازە لەوێ لە دایک بوونە، کەمترین ڕێوڕەسم و فستیڤاڵ بەڕێوە دەچێ.

تەموورە سەرەڕای ئەوەی کە سازێکی مێژوویی لە کوردستانە، سازێکە کە لە نێو کۆمەڵگای یارساندا پیرۆزە، هەر بۆیەش لە لایەن ڕێژێمی ئیسلامیی کە بەگشتی مۆسیقا بە حەرام دەزانێ، بۆ پەرەسەندنی ئەم سازە بەربەست دا دەنێ.

بۆ نموونە لە کوردستان ئەگەر مامۆستاکان و ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ لە شارەکانی کوردستان فێرگەی تەموورە دامەزرێنن، دەبێ بچنە تاران و لە بەرامبەر ژەنیارێکی فارس بەرهەم پێشکەش بکەن و ئەزموون بدەن، هەتاکوو ئەو کەسە کە سازی تەموورە بە تەواوەتی ناناسێ و سازی نەتەوەکەی نییە، مۆڵەتی دانانی فێرگەی مۆسیقا بدات.

باسی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ کونسێرت و فستیڤاڵ لە شارەکانی کوردستان لە جێی خۆیەتی کە زۆرترین بەربەست لە بەردەم هونەرمەندانی نەتەوەی کورد دادەنرێت و ڕێژیم ڕێگە نادات بەو هونەرمەندانە کە لە سەرانسەری دونیادا ناسراون و لە لایەن زۆربەی وڵاتەکان بە ڕێزەوە داوایان لێ دەکرێت لەو وڵاتانە کونسێرت بەڕێوە ببەن.