کوردستان میدیا

شەممه 5ی جۆزەردان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی کوژرانی کۆڵبەرانی کورد بە تەقەی راستە و خۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران

22:05 - 29 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران و تورکیە، کوشتنی دوو کۆڵبەری کوردی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ پێش لە ئێستا لە ئاکامی هێرشێکی لە ناکاوی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان تورکیە و ئێران دوو کۆڵبەری کورد گیانیان لەدەستدا.

شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە ئارام شاهین‌نژاد ١٩ ساڵ کوڕی کازم خەڵکی گوندی پەسان سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە و سەفیەدین یوسفی بانی١٧ ساڵە خەڵکی گوندی بانی سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕ، راگەیەندراوە.

ئاژانسی کوردپا لەم بارەیەوە رایگەیاندووە: کۆڵبەرانی کورد بەبێ هیچ ئاگادار کردنەوەیەک لەلایەن هیزە نیزامیەکانەوە، دەدرێنە بەر تەقەی راستەوخۆ و گیانیان لێ ئەستێندرێت.

نەبوونی کارگەی پێویست و ناوەندی پیشەیی و بێکاریی و هەڵاواردن لەو هۆکارانەن کە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بە ناچار بۆ دابین کردنی تێچووی ژیانیان روو دەکەنەکۆڵبەریی.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا راشیگەیاندووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە(١٣٩٤) هەتا ئێستا ٢٥ کۆڵبەر بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێران کوژراو و بریندار بوون.