کوردستان میدیا

شەممه 2ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێكی هاوبەشی حدك ئێران و یەكیەتیی لاوانى دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە رێوەڕەسمی كردنەوەی 8مین كۆنگرەی یەكیەتیی لاوانی دێمۆكراتی لە كوردستانی عێراق

23:17 - 14 بانەمەڕ 2712

كوردستان میدیا: هەیئەتێكی هاوبەشی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و یەكیەتیی لاوان دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بەشدارییان لە رێوەرەسمی كردنەوەی 8مین كۆنگرەی یەكیەتیی لاوانی دێمۆكراتی لە كوردستانی عێراقدا كرد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەرلەبەیانیی رێكەوتی 14ی بانەمەڕی 1391، هەیئەتێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی تاهیر مەحموودی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆكرات و بەرپرسی پێوەندییەكانی حیزب لە شاری هەولێر و هەیئەتێكی یەكیەتیی لاوانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرستی فواد خاكی بەیگی سكرتێری گشتیی یەكیەتیی لاوان لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر بەشدارییان لە رێوڕەسمی كردنەوەی 8مین كۆنگرەی یەكیەتیی لاوانی دێمۆكراتی لە كوردستانی عێراقدا كرد.

رێوڕەسمەكە سەرەتا بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و خولەكێك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان و بە تایبەت شەهیدانی لاوان دەستی پێكرد.
لە رێوڕەسمەكەدا پەیامی پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە هەولێر و هەیئەتی ئیجرایی یەكیەتیی لاوانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران خوێندرایەوە.
پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە پەیامی خۆیدا وێڕای سەركەوتن بۆ كاری كۆنگرە، چاوەڕۆانیی ئەوەی كرد كە كۆنگرەی یەكیەتیی لاوان كە لە ژێر روشنایی سیاسەتی حەكیمانەی حیزبی شێوعی كوردستان وەك دوستی دێرینی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، پێشكەوتنی هەرچی زیاتر بە خۆییەوە ببینێت.
هەروەها لە پەیامی هەیئەتی ئیجرایی یەكیەتی لاواندا وێڕای نیشاندانی ئامادەیی هەرچەشنە هاوكارییەك لە نێوان دوو رێكخراودا، هەڵوێستە نەتەوەیی نیشتمانییەكانی یەكیەتیی لاوانی دیموكراتی لە كوردستانی عێراق بەرز نرخێندران.
لە بەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا فواد خاكی بەیگی سكرتێری گشتیی یەكیەتیی لاوان ئاخاوتنێكى پێشكەش كرد و سەركەوتنی هەرچی زیاتری بۆ بە ئاوات خواستن.