کوردستان میدیا

دووشەممه 25ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهێز بوونی حەشدی شەعبی ناڕەزایەتی بەرپرسانی عێراقی لێ کەوتەوە

21:23 - 17 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بەهێز بوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ترس و دڵەڕاوکێی لە دڵی جێگری سەرکۆماری عێراق دروست کردووە.

ئوسامە نەجیفی، جێگری سەرکۆماری عێراق، کە بۆ واشنتۆن سەفەری کردووە، ڕۆژی ١٦ی خەزەڵوەر باسی لەوە کردووە، کە بەهێز بوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی حەشدی شەعبی سەر بە ڕێژیمی ئێران گرنگترین هەڕەشەی ئەمنییەتی لە دواڕۆژی عێراقدا لە قەڵەم دەدرێت.

ئوسامە نەجیفی، کە لە سونی مەزهەبەکانی عێراقە، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەرپرسان و گۆنگرێستەکانی ئامریکا، داوای یارمەتی نیزامیی زیاتری بە هێزە سونی مەزهەبەکانی عێراقی کرد.

ناوبراو هەروەها بە ئومیدەوە داوای لە ئامریکا کرد، بۆ بەرەنگاری بوونەوە لەگەڵ بەهێز بوون و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵێنییەکانیان جێبەجێ بکەن.

نیگەران بوون لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتی عێراق، تەنیا لە ناو بەرپرسانی سونی مەزهەبەکانی عێراق بە دی ناکرێت، بەڵکوو لەم چەشنە ناڕەزایەتییانە لە قسەکانی موقتەدا سەدر ئاخوندی شێعە مەزهەبی عێراقی بە دی کراوە و لە ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵدا داوای لە دەوڵەتی عێراق کرد کە حەشدی شەعبی کە نزیک بە ١٢٢ هەزار کەس خەڵمێندراون، هەڵبوەشرێتەوە.