کوردستان میدیا

پێنجشەممه 24ی خەزەڵوەر 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەیەكی حیزبە كوردستانییەكان لە وڵاتی دانمارک

12:26 - 28 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: كۆبوونەوەیەكی سیاسیی حیزبەكانی ھەر چوار بەشی كوردستان لە شاری كۆپێنھاگ بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە سەر بانگھێشتی کۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ـ دانمارک، كۆبوونەوەیەكی حیزبە كوردستانییەكان لە شاری كۆپێنھاگ، پێتەختی ئەو وڵاتە بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە پارتە سیاسییەكانی كوردستان بەڕێوە چوو.

لەو كۆبوونەوەیەدا "سلێمان كەڵەشی" بەرپرسی گشتیی كۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سەر ڕووداوە سیاسییەكانی ئێران و كوردستان و ھەروەھا دوایین كۆنگرەی حیزبی دێموكرات و بارودۆخی تازەی خەبات لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان باسێكی پڕ نێوەڕۆكی پێشكەش كرد.

كەڵەشی وێڕای ئاماژەدان بە ڕەوشی كورد لە ھەموو بەشەکانی کوردستان و گرینگیی یەكڕیزیی كورد، داوای لە ھەموو حیزبە كوردییەكان لە دانمارک کرد كە بە یەکھەڵوێستی لە كۆر و كۆبوونەوەكاندا بەشدار بن و بەو یەکھەڵوێستییە سەرنجی وڵاتانی دیکە بۆ سەر رەوشی كورد و پێویستیی چارەسەركردنی ئەو پرسە رابكێشن.

لە بەشی كۆتایی ئەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەری ھەموو حیزبە كوردستانییەكان بە پرسیار و تێبینییەكانی خۆیان ئەو باسەیان دەوڵەمەندتر كرد کە وڵامی پرسیارەكانیان لە لایەن بەرپرسی گشتیی كۆمیتەی حیزب درایەوە .