کوردستان میدیا

دووشەممه 19ی سەرماوەز 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ناهێڵین ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات

10:53 - 16 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئامریکا لە جێبەجێکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ڕێگریی لە دەسپێڕاگەیشتن ئەو ڕێژیمە بە چەکی ناوکییە.

دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ئێوارەی پێنجشەممە، ١٥ی سەرماوەز، بە ئاماژە بە هاتنەدەرەوەیان لە بەرنامەی بەرجام، بۆ جارێکی دیکە ڕایگەیاند کە ناهێڵن ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکی بگات.

دانڵد ترامپ کە لە ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی جێژنی "حنووکایـ"ـی یەهوودییەکان، لە کۆشکی سپی قسەی کردووە، وتوویەتی: ئێمە لە ڕێککەوتننامەیەکی زۆر مەترسیدار لەگەڵ ئێران هاتینە دەرەوە. ڕێککەوتننامەیەک کە نەدەبوو واژۆ بکرایە و دواتر توندترین گەمارۆوەکانمان بە دژی ئەم ڕێژیمە خستووەتە گەڕ، کە هەتا ئێستە کەمتر وڵاتێکی دنیا وەها گەمارۆگەلێکی بۆ دیاری کراوە.

دانڵد ترامپ لە ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵدا، بەتەواوەتی لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشایەوە، کە ئامانجی لە هاتنەدەرەوەی لە بەرجام، گۆڕینی هەڵسوکەوت و سیاسەتی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر وڵاتانی ناوچەکە و دنیا و هەروەها ڕێگانەدان بە ڕێژیم بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکییە.

ئەگەرچی بەرپرسانی ڕێژیم، چالاکییە ناوکییەکانی خۆیان بە چالاکیی ناوکیی ئاشتیخوازانە ناو دەبەن و ئامانج لەم بەرنامانەیان بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە بەرهەمهێنانی وزە دەگەڕێننەوە، بەڵام هەر لەم چەند ڕۆژەی دواییەدا، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمەوە، چەند مووشەکی بالستیکی تاقی کرایەوە، کە دەنگدانەوەی زۆری لێ کەوتەوە.

ڕێژیمی ئێران کە سەرەکیترین پشتیوانی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و ناوچەکەیە، سەرەڕای ئەو هەموو گوشارە ئابووری و سیاسییە، هەتا ئێستە وازی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆی نەهێناوە و بەردەوام چەک و پارە بە گرووپە تێرۆریستییەکان لە لوبنان، یەمەن، عێراق و سووریە دەدات، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات.