کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترس لە ڕووخان هەموو جمگەکانی دەسەڵاتی تارانی گرتووەتەوە

12:23 - 9 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بارودۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی لە ئێران ترسێکی گەورەی لە دڵی دەسەڵاتبەدەستانی تاران درووست کردووە، بەچەشنێک کە هەر ڕۆژ جمگەیەکی ئەم دەسەڵاتە هۆشداری لەهەمبەر ڕووخان دەدات.

هاوکات لەگەڵ گوشارە نێونەتەوەییەکان و کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و پشت‌تێکردنی هاوپەیمانەکانی تاران لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەروەها قوڵتربوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان و دەسپێکی مانگرتنە گشتییەکان و زیادبوونی ڕۆژانەی خرۆشانی شەقام لە شارە جیاوازەکانی ئێران، ئەو ئەگەرە دەدات بە دەستەوە کە کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بەردەوام لە دەستی ڕێژیم دەترازێت.

لە وەها هەلومەرجێکدا حیزبوڵاهی و بناژۆخواز و هێزە سەرکوتکارەکان پێشنیاری ئێعدام کردنی ناڕازییان دەدەن و بەناو ئیسڵاحخوازانی سەر بە ڕوحانیش گوشارەکانیان بۆ گۆڕینی تیمی ئابووری و کابینەی ڕوحانی زیاد کردووە.

ئەم هەڵوێستانە کە نیشاندەریی ترسی ڕێژیم لە دواڕۆژی تەماوی و لێڵی دەسەڵاتەکەیانە بە ناردنی نامەی ١٨٧ بەناو نوێنەری مەجلیس بۆ ڕوحانی کامڵتر بوو کە داوایان لێکردووە کابینەکەی بەپەلە نۆژەن بکاتەوە و واز لە پشتیوانی کردنی بەڕێوەبەرە گەندەڵەکان بهێنێت کە بەشێک بوون لە کەلێنی بێمتمانەیی خەڵک بە ڕێژیم.

لەم نامەیەدا هاتووە داواکارین بەلەبەرچاوگرتنی هەستیاری زۆری بارودۆخەکە بەپەلە هەوڵێکی جیددی بدەن بۆ گۆڕینی تیمی ئابووریی وڵات.

ترسی سەرانی ڕێژیم لە ڕووخان هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "جوان"ی سەر بە سپای پاسداران کە وتوویەتی: ئەوەی لە ئێراندا دەگوزەرێ شەڕێکی ئابووریی هەمەلایەنەی ئامریکایە دژ بە تاران کە ئامانجی لێدانی هەموو چاوگەکانی داهاتمانە.

بەوتەی هەندێک کارناسی کاروباری ئێرانیش، چوونەدەری ئامریکا لە بەرجام سیاسەتێکی ئەم وڵاتەیە بۆ ناچارکردنی وڵاتانی دیکە لەمەڕ هەڵوێست گرتن لەبەرامبەر ئێراندا کە ناکرێ تەنیا پشت بە تەحریمی نوێ ببەسترێ.

بەوتەی ئەم کەسانە ناوکی سەرەکی سیاسەتی نوێی ئامریکا دژ بە کۆماری ئیسلامی بریتییە لە گوشاری ئابووریی یەکدەستی جیهانی دژ بە تاران و لێئەستاندنەوەی ڕەوایی و متمانە و دوورخستنەوەی وڵاتانێکی وەک ڕووسیە لە ئێران؛ واتە ئەو دۆخەی کە حەسەن ڕووحانی بە "مهلک" ناوی لێ بردووە.