کوردستان میدیا

یەکشەممە 24ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوە لە نەخۆشخانەی شاری میاندواو قوربانی لێکەوتەوە

15:37 - 22 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: تەقینەوەی دەزگای ئۆکسیژن لە نەخۆشخانەی زارای شاری میاندواو بووە هۆی کوژران و بریندار بوونی دەیان هاوڵاتی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢١ی رەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، کاتژمێر ٢:٤٠ خولەک تەقینەوەیەک لە نەخۆشخانەی زارای شاری میاندواو روویدا کە بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەک و بریندار بوونی پێنج کەسی دیکە.

لەو تەقینەوەیەدا بەشی ICU نەخۆشخانە بە تەواوی لە نێو چووە و نەخۆشەکانیش ئاوریان تێبەربووە کە بووەتە هۆی مردنی یەک لەو نەخۆشانە و سووتانی پێنج کەسی دیکەیان.

بەپێی هەندێک سەرچاوەی خۆجێییش ڕێژەی بریندارەکانی ئەم تەقینەوە زیاتر لە ٢٥ کەس بووە.

بەباوەڕی کارناسان هۆکاری سەرەکی ڕوودانی ڕووداوگەلی لەم چەشنە بۆ کۆن و بێ‌کەڵک بوونی کەل‌وپەل و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکان دەگەڕێتەوە کە بەهۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی رێژیم هاتۆتە ئاراوە.

چەندییەت و چۆنییەتی کەل و پەلە پزیشکییەکان لە ئێران دوای زیاد بوونی ئابلۆقە نێونەتەوەییەکان بۆ سەر ڕێژیمی تاران، بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەرپرسانی ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسداران، کە سەرقاڵی کاری قاچاخ بە مەبەستی بازرگانی و قازانجی ئابووریی زیاتر بۆ خۆیانن، بە هاوردە کردنی کەل و پەلی قاچاخ و کوالێتی نزم گیانی هاووڵاتیان لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بە تایبەتی خستۆتە مەترسییەوە.

شایانی باسە چەند ڕۆژ پێش ئێستاش ژمارەیەک لە ژنانی شاری شنۆ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر نەبوونی کەرەستە و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی ئەو شارە نامەیەکیان بڵاو کردەوە و داوایان کردووە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیه هەڵبگرن.