کوردستان میدیا

یەکشەممە 3ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خنکانی زاگرۆس و زاگرۆس‌نشینەکان

20:21 - 9 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لە چەند ساڵی ڕابردوودا، دیاردەی خۆڵبارین هەناسەی سروشت و مرۆڤی زاگرۆسی تەنگ کردووە و ڕێژیمی ئێرانیش بە ئەنقەست بە گرنگی نەدان و هەوڵ نەدان بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە، درێژە بە فەوتانی زاگرۆس دەدات.

لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، شەپۆلێکی خۆڵبارین ڕووی لە کوردستان کردووە و خەڵکی شارەکانی ئیلام و کرماشانی تووشی کێشەی هەناسەکێشان کردووە، لە ناوچەکانی مەلەکشایی، سراوڵەی ئیلام، قەسر‌شیرین و سەرپێڵی زەهاوی کرماشان بارودۆخی کەشوهەوا گەیشتووەتە ئاستی قەیران.

بە وتەی سورەیا قوربانی، بەرپرسی چاوەدێری ئیدارەی گشتی ژینگەپارێزی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە: ڕێژەی خۆڵبارینەکە ٣٩٨ میکرۆگرەم لە مێتری سێجایە، واتە ٢.٥ بەرانبەری ئاستی قەیرانە.

بەپێی ستانداردەکان هەبوونی خۆڵ لە هەوادا تا ١٥٠ میکرۆگرەم سروشتی و ستانداردە و سەرەوەی ئەو ڕێژەیە گیانلەبەرەکان تووشی کێشە دەکات و سەرەوەی ٣٠٠ میکرۆگرەم لە مێتری سێجا دەگاتە ئاستی قەیرانی بوون.

لەم چەند ساڵەدا کە خۆڵبارینەکان ڕوویان لە کوردستان کردووە، یەکەم کاریگەری خراپی لە سەر دارستانەکانی زاگرۆس بەتایبەت دارستانی بەڕوو بووە.

بەپێی ئامارەکان لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەتا ئێستا ١٨٣ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی بەڕووی زاگرۆس، بە هۆی خۆڵبارین لەناوچووە و بە گشتی ٢١ لەسەدی دارستانەکان لەناوچوون و زۆرتر لە ٦٠٠ هەزار هێکتار لە دار بەڕووەکان بە هۆی خۆڵبارین نەخۆشن و بەرەو فەوتان دەڕۆن.

لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکی کوردستان لەم خۆڵبارینانە، تووشی نەخۆشی و گیان لەدەستدان بوونە.

بە وتەی پزیشکەکان؛ خۆڵبارین، مرۆڤەکان تووشی کۆمەڵێک نەخۆشی وەکوو: هەناسە، چلک کردنی گوێچکەی ناوین، شێرپەنجەی ڕیخۆڵە، دڵ و هەناو و تووش بوونی ئالرژییەکی زۆر دەبن، کە ئەگەری گیان لە دەستدانی لێ دەکەوێتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، جیا لەوەی کە هیچ کردەوەیەک بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی ژینگەیی لە کوردستان ئەنجام نادەن، بە پێچەوانەوە بە گواستنەوەی ئاوەکانی زاگرۆس و سووتاندنی دارستانەکان و تاڵان کردنی سامانی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەنێوبردنی دەدات.