کوردستان میدیا

چوارشەممه 27ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داعش، هەرێمی کوردستان و وڵاتان (قادر ئەلیاسی)

15:10 - 20 گەلاوێژ 2714

قادر ئەلیاسی

هێرشی ٢/٨/٢٠١٤ی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی زۆر وڵاتی لەمەڕ ئەو شەڕە روون کردەوە.

دوای ئەوەی داعش، لە ٢/٨/٢٠١٤ لە شەنگارەوە هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان، خەڵک و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی هەڵوێستی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دۆستی کورد بوون.

رۆژی چوارشەممە، ٦/٨/٢٠١٤ وتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: ئەمریکا لە ئاست ئەو رووداوەدا بێهەڵوێست نابێ. دوای ئەو راگەیاندنە، رۆژی پێنجشەممە، هەڵوێستی کۆشکی سپی، لە دوو خاڵدا چڕ کرایەوە: ١ـ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی وەک خواردن و خواردنەوە بۆ خەڵکی ئاوارە بە گشتی و خەڵکی شەنگار بە تایبەتی کە لەسەر چیای شەنگار گیریان خواردووە. ٢ـ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر مۆڵگەی چەکدارانی داعش.

بە راگەیاندنی ئەم بڕیارەی کۆشکی سپی، دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی، ٧/٨/٢٠١٤ لە کاژمێر ٤٤.٢ هێرشی ئاسمانی فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆسەر مۆڵگەکانی داعش دەستی پێکرد. هەر دوای جێبەجێ کردنی ئەو هەڵوێستەی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، وڵاتانی فەڕانسە، بریتانیا، ئیتالیا، رووسیە و ئاڵمان پشتیوانییان لەو بڕیارەی کۆشکی سپی کرد. تا ئێستا تەنیا فەڕانسە وێڕای پێشکەش کردنی یارمەتی مرۆیی، وەزیری دەرەوەیشی سەردانی بەغدا و هەولێری کردووە. بریتانیا و باقی وڵاتانی دیکە، رایاننەگەیاندووە بە چ شێوەیەک پشتیوانی لە شەڕی دژی داعش دەکەن.

لە نێو وڵاتانی دەوروبەردا، تورکیەش هەڵوێستێکی دووفاقی لەمەڕ شەری دژە تیرۆر راگەیاندووە و وتوویەتی: لە بەر پاراستنی گیانی بارمتەکانیان کەلە دەستی داعش دان، بەشداری ئەو شەڕە ناکەن. بەرپرسێکی ئەو وڵاتە ئەوەیشی راگەیاندووە کە هێرشی فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆسەر داعش، ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێ. ئەم بۆچوونە وا دەنوێنێ کە تورکیە ناخوازێ داعش لاواز بێ.

کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەوەی بە جۆرێک دەیهەوێ خۆی بە هاوبەشی بەرەی دژە تێرۆر بناسێنێ، هەر لەو کاتەدا رەخنە لە هێرشی فڕۆکەکانی ئەمریکا دەگرێ و لە زاری سەرۆکی پارلمانی ئەو رێژیمەوە دەبێژێ: ناردنی فڕۆكە لەلایەن ئۆباماوە بۆ بۆردمانكردنی چەكدارانی داعش، بۆ ئەوەیە كە سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر پرسی فەلەستین بە لاڕێدا بەرێ\'\'.

وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەش، یان بێدەنگن، یان لانیکەم تا ئێستا هەڵوێستێکی روونیان دژی داعش نەنوواندووە.

ئەگەر هەڵوێستی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ، کوردیش پێویستە ناوماڵی خۆی باشتر رێک بخاتەوە و بە دوور لە حیزبایەتی، کوردایەتی بکا و بەرامبەر بە بەغدا وەک تیمێک دەربکەوێ.

ئەگەرچی ئەم دەستدرێژییەی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان، کارەساتی شەنگار و ئاوارەبوونی شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری لێکەوتەوە، وێڕای کۆکردنەوەی پێشمەرگەی هەر چوارپارچەی کوردستان لە یەک سەنگەردا دژی داعش، بۆ جارێکیتر ئەو دەرسەشی داداین: لە باتی پشت بەستن بە میراتگرانی عەجەم (ئێران) و ئالی عوسمان (تورکیە)، پشت بە خۆمان و خەڵکەکەمان ببەستین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە