کوردستان میدیا

چوارشەممه 30ی جۆزەردان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوەی زانست و ئەمنیەت: لە بنكەی ئەتۆمیی پارچین چالاكیی نوێ‌ ئەنجام دراوە

15:08 - 28 رەزبەر 2712

كوردستان میدیا: ناوەندی نێودەوڵەتیی (ASAS) هەواڵی دەسپێكردنەوەی چالاكیی ئەتۆمیی لە بنكەی پارچین لە ئێران بڵاو كردەوە.

ئەو ناوەندە رایگەیاند، گرتە ماهوارەییەكان نیشان دەدەن كە رێژیمی ئێران سەرقاڵی چالاكی ئەتۆمیی لە بنكەی پارچینە.

ماوەیەك لەمەوبەریش ئەو دامەزراوەیە ئاشكرای كردبوو، هێندێ‌ زانیاریمان لە ماڵپەڕی پارچین بەدەست هێناوە كە دەرخەڕی ئەوەن رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرقاڵی سڕینەوەی ئاسەواری درووست كردنی چەكی ئەتۆمە.

ئەوە لەحاڵێكدابوو كە پشكێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكیی دەیان ویست بەمەبەستی سەردانی ئەو بنكە ئەتۆمییە بچنە وڵاتی ئێران.

سەردانێك كە بێ‌ ئاكام مایەوە و پشكێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكی لە دوایین سەفەری خۆیاندا بۆ ئێران رایانگەیاند، بەرپرسانی رێژیم لەو وڵاتە ئیزنیان نەداوە سەردانی بنكەی ئەتۆمیی پارچین لە نزیك تاران بكەن.

لەلایەكی دیكەوە كۆمەڵێك لە دیپلۆماتكارە رۆژئاواییەكان لەو باوەڕە دان كە ئێران سەرقاڵی گواستنەوەی كەلوپەلی نیزامی لە بنكەی ئەتۆمیی پارچینەوە بۆ شوێنێكی دیكەیە.

بنكەی ناوكیی پارچین سەر بە وەزارەتی بەرگریی رێژیمی ئیسلامیی تارانە و لە باشووری ئەو شارە هەڵكەوتووە و لە ساڵی 2005‌دا یەك جار لەلایەن ئاژانسەوە پشكێنراوە.