کوردستان میدیا

چوارشەممه 30ی جۆزەردان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک/ پەنابەرێکی کورد لە ژێر هەڕەشەی دیپۆرت کردنەوە دایە

14:48 - 2 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: پەنابەرێكی خەڵكی كوردستانی ئێران لەلایەن پۆلیسی ولاتی دانمارکەوە لە ژێر ھەڕەشەی دیپۆرت كردنەوە بۆ ئێران دایە.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەختیار مەحموودی، پەناخوازی كوردی خەڵكی شاری جوانرۆی پارێزگای كرماشان كە ماوەی حەوت ساڵ بەر لە ئێستا لە وڵاتی دانمارك داوای پەنابەری و پاراستنی گیانی كردووە، ئێستا لە لایەن بەرپرسانی ئیدارەی پەنابەرانی دانماركەوە دەستبەسەر و لە كەمپێکی داخراو زیندانی كراوە.

ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە پۆلیسی دانمارك ھەڕشەی دیپۆرت كردنەوە لەو ھاووڵاتییە كوردەی کردووە.

بەختیار مەحموودی بە ھۆی چالاكی سیاسی و بەرگری كردن لە مافەكانی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران، كەوتە بەر ھەڕەشەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران و بە ناچاری زێدی خۆی بە جێھێشت و بە مەبەستی پاراستنی گیانی رووی لە وڵاتی دانمارك کردووە.

ئەم چالاکە سیاسییە، لە وڵاتی دانمارک داوای پەنابەریی پێشكەش کردووە و هەنووکە پاش تێپەڕاندنی زیاتر لە حەوت ساڵ دەوڵەتی دانمارك تا ئێستا وڵامی ئەرێی بەو داوایەی ناوبراو نەداوە و ئێستا لە ھەڕەشەی دیپۆرت كردنەوە لەو ھاووڵاتیە كوردە دەكرێت.

بە پێێ ئەم راپۆرتە، پۆلیسی دانمارک لە رێكەوتی ١٣ی رێبەنداندا ناوبراوی دەستبەسەر كردووە و پێی راگەیاندووە كە ئەگەر لە گەڵ ئەو داوایەی ئەوان رەزایەت نیشان نەدات بە بێ‌ھۆشی و یان بە گرێدانی دەست و لاقی بۆ ئێران دەگەڕێنرێتەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە رایگەیاندووە کە لە ئەگەری دیپۆرت كردنەوەیدا مەترسیی گیان لە دەستدانی لە سەره.

لەو پێوەندییەدا، كۆمەڵێک لە چالاكانی سیاسیی و مافی مرۆڤی كورد داوای بە ھانا چوونی ئەو پەناخوازە كوردە دەكەن.

ئاویەر.ت