کوردستان میدیا

شەممه 30ی خەرمانان 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو شەهیدی سوورخەڵات ماڵاوایی لە ژیان کرد

13:47 - 18 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: دایکی دوو شەهیدی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی خەرمانان، دایە '' گەوهەر مام عەزیزی'' دایکی شەهیدان ''عوسمان و کەماڵ ئوستاد ئیبراهیمی'' خەڵکی شاری مەهاباد بەهۆی نەخۆشی لە شاری تەورێز ماڵاوایی ژیان کرد.

شەهید ''عوسمان ئۆستاد ئیبراهیمی'' کادری پلە ٣ و پێشمەرگەی خۆشناوی ‌هێزی شەهید پێشەوا لە ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە گوندی خەڵیفان لەدایک بووە و لە ڕێکەوتی ٥ی خەرمانانی ١٣٦٨هەتاویدا لە گوندی قادرئاوا شەهید بووە.

شەهید ''کەماڵ ئۆستاد ئیبراهیمی'' پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٣٤٦ هەتاوی لە گوندی کۆسەکەرێز لە دایک بووە و لە ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانانی ١٣٦٥ی هەتاویدا لە گوندی حەشیئاباد لە شەڕێکی نەخوازراودا شەهید بووە.

دایە گەوهەر شێرەژنێکی نیشتیمانپەروەر، حیزبی و کوردپەروەر و ئازا و بەجەرگ بوو، بە سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە خۆشحاڵ دەبوو و بە شەهیدبوونی هەر کوڕە کوردێکی شۆڕشگێڕ دنیایەک خەم لە ڕووخساری دەباری، دایە گەوهەر تا دواهەناسەکانی ژیانی بە کوردی ژیا و بە کوردیش چاوە گەشەکانی لە سەر یەک دانا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.