کوردستان میدیا

سێشەممه 22ی خەزەڵوەر 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەدەرانی ڕێگای شەهیدانی ژینگەپارێز پەیمانیان لەگەڵ سرووشتی کوردستان نوێ کردەوە

20:05 - 8 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: درێژەدەرانی ڕێگای شەهید شەریف باجوەر و هاوڕێیانی لە شاری مەریوان جارێکی تر پەیمانیان لەگەڵ شەهیدانی ژینگەپارێز و پاراستنی سرووشت و ژینگەی کوردستان نوێ کردەوە.

دوانیوەڕی ڕۆژی دووشەممە ۷ی خەزەڵوەری ۱۳۹۷ی هەتاوی، درێژەدەرانی ڕێگای شەهید شەریف باجوەر و هاوڕێیانی لە گوندی "سەردۆش" سەر بە شاری مەریوان بە هاوکاری ئەنجومەنی سەوزی چیا، لە ڕێوڕەسمێکی ژینگەپارێزانە و کوردانەدا لە ژێر ناوی "ئاشتی لەگەڵ سرووشت" پەیمانیان لەگەڵ شەهیدانی ژینگەپارێز و پاراستنی سرووشت و ژینگەی کوردستان نوێ کردەوە و کەرەستە داربڕەکانی خۆیان شکاند.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا کە بە بەشداری خەڵکانێکی زۆر لە گوندی "سەردۆش" و گوندەکانی دەروبەر و شاری مەریوان بەڕێوە چوو، "پەیمان نیکخواهـ" و "ئەیوب قادری" مۆتۆر داربڕەکانی خۆیان تێکشاند، هەروەها چەندین تەور لە لایەن "موعتەسەم کەیوان"، "ئومید ڕەحمانی" و "کەیوان قوبادی" شکێندران و پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ سرووشتی کوردستان دووپات کردەوە کە بۆ ئاوەدانتر کردنی ژینگە و دارستانەکانی ناوچەکە تێبکۆشن، ئەم هەنگاوەیان لە لایەن بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکەدا پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.

لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا سروودێک لە ژیر ناوی "ئاوەدانی و گەشە پێدان" لە لایەن کچانی گوندی "سەردۆش" پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و پاشان شانۆیەکی ژینگەپارێزیی لە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆڵی تاکەکان لە پاراستنی ژینگە و دارستاندا لە لایەن کوڕانی گوندی "سەردۆش"ـەوە بەڕێوە چوو.

پاشان ئەندامانی سەوزی چیای مەریوان و چەند کەسایەتییەکی خەڵکی گوندی سەردۆش، چەند تەوەریان لە سەر گرنگیدان بە پاراستنی ژینگە و ژینگەپارێزی پێشکەش کرد و ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی چەند شیعر و گۆرانی لە لایەن بەشداربووانەوە کۆتایی پێهات.