کوردستان میدیا

هەینی 1ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەیئەتێکی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ کۆمیتەی حیزبی دێموکرات

22:46 - 22 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرەستیی سەعدی ئەحمەد پیره ئەندامی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری یوتوبۆری دیداریان کرد.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ هەیئەتێکی یاوەری و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز شۆڕش قادر بە هاوڕێیەتی حەمید تەیمووری، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوئێد، سەردانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری یوتوبۆریان کرد.

لەو سەردانەدا سەعدی ئەحمەد پیره باسێکی تێر و تەسەلی سەبارەت بە بارودۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەو گیروگرفت و ئاریشانەی کە بۆ هەرێم هاتوونە پێش، هێنایە ئارا.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆڕێکی سیاسی لە لایەن کەرتی ڕێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر ناوی هەرێمی کوردستان و دوا گۆڕانکارییەکان بۆ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیەتی لە هۆلی ئۆلۆف پالمێ لە شاری یوتوبۆری ڕێکخرا.

لەو کۆڕەدا زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد و کوردستان و ڕەوەندی کورد لە شاری یوتوبۆری بەشدار بوون، زۆر بابەتی گرینگ لە سەر چارەنوسی هەرێمی کوردستان و پرسی کەرکوک و ئالای کوردستان و گشت مەسەلە هەستیارەکان، وەک ڕێفراندۆم، کاراکردنی پارلمان و داڕشتنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم و گەلێک بابەتی گرینگ لە لایەن بەڕێزیانەوە تیشکی خرایە سەر.

جێگای ئاماژە پێکردنە لە سەر بانگهێشتی فەرمیی کەرتی ڕێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ یوتوبۆری بەشداری ئەو کۆرە بوو.