کوردستان میدیا

دووشەممه 4ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای قەزایی توركیە دوو ئێرانی بە تاوانی سیخوڕی بە ٢٠ ساڵ زیندان حوكم دا

12:42 - 29 رەزبەر 2712

كوردستان میدیا: دوو هاووڵاتیی ئێران لە توركیە بە تاوانی سیخوڕی نیزامی ـ ئەمنیەتیی بە ٢٠ ساڵ زیندان حوكم دران.

دەزگای قەزایی توركیە رایگەیاندووە، ئەو دوو ئێرانیە زانیارییان لەسەر هێزە چەكدارەكانی توركیە و رێكخراوی ئەمنیەتیی ئەو وڵاتە كۆ كردۆتەوە و رەوانەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانیان كردووە.

رۆژنامەی تودەی زمان بڵاوی كردەوە، بەڵگەیەك لەبەر دەست دایە كە دەرخەری ئەوەیە ئەو دوو ئێرانیە زانیارییان لەسەر كەلوپەلی نیزامیی توركیە كۆ كردۆتەوە و ویستویانە بە نووسراوە رەوانەی ئیتلاعاتی رێژیمی لە تاران بكەن.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، یەكێك لە تاوانبارەكان وتوویەتی، ناوەندە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران داوایان لێكردووم زانیاری لەسەر شوێنە نیزامییەكان كۆ بكەمەوە.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە بەرپرسانی رێژیمی ئێران پەرچەكردارییان بەو هەواڵە نیشان نەداوە.

رێژیمی تاران پەرە پێدەری پرسی سیخوڕی

هەر لەو پێوەندییەدا ماوەی یەك مانگ لەمەوبەر یەكێك لە هێزەكانی ئێران لە حاڵێكدا لە ناوچە سنوورییەكان لە دەورووبەری خانەقین سەرقاڵی وێنەگرتنی بنكە نیزامییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر كرا.

ماڵپەڕی هاووڵاتیی بڵاوی كردەوە، گومانی ئەوە هەیە ئەو ئێرانییە بۆ كاری سیخوڕی هاتبێتە سنووری خانەقین.

لەلایەكی دیكەوە هەواڵدەریی دەوڵەتیی یەمەنیش رایگەیاندبوو كە ئەندامانی تۆڕێكی سیخوڕی كە لەو وڵاتە و ئەفریقا چالاكییان هەبووە و یەكێك لە فەرماندە پێشووەكانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران رێبەرییانی كردووە، دەستبەسەر كراون.

هاوكاتیش عەبد رەبە مەنسوور ئەلهادی سەركۆماری یەمەن لە لێدوانێكدا داوای لە ئێران كردبوو كۆتایی بە دەستێوەردانەكانی لە كاروباری ئەو وڵاتە بێنێ‌.