کوردستان میدیا

یەکشەممە 24ی خەرمانان 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکرات سەردانی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دێموکراتی کوردستانی کرد

13:18 - 29 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکرات، بە مەبەستی پەرەدان بە پەیوەندییە دۆستانەکان، لەگەڵ حیزب و لایەنە کوردییەکان، سەردانی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دێموکراتی کوردستانی کرد.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٨ی هەتاوی، شاندێکی دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی "سەلیم زنجیری"، بەرپرسی ئەو دەزگایە، وێڕای "محەممەدساڵح قادری"، بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانییەكانی حیزبی دێموكرات، سەردانی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دێموکراتی کوردستانیان کرد.

شاندی حیزب لە لایەن هەیئەتێکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی "خوسرۆ گۆرانـ"ـەوە پێشوازییان لێکرا.

لەو دیدارە دۆستانەیەدا باس لە گرینگیی پرۆسەی هەڵبژاردن و سیستمە  جیاوازەكانی هەڵبژاردن لە وڵاتانی جیهاندا كرا و کاریگەرییەکانی لەسەر چارەنووسی نەتەوە و پێكهاتەكانی كۆمەڵگا و جێخستنی كولتووری دێموكراسی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لە وڵاتاندا بە چارەنووسساز زانی، بەتایبەت بۆ گەلی ئاشتیخواز و ماف پێشێلکراوی کورد کە تاقیکردنەوەی ئەو ئەزموونە وەکوو کۆڵەکەیەکی سەرەکیی دێموکراسی تا چ ڕادەیەک دەوری ئەرێنی لە بەرەوپێش چوون و پێکەوەژیانی ئاشتییانەمان لەگەل پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی دەوروبەرمان دەبێت.

لە کۆتاییدا وێڕای خوشحاڵی هەر دوو شاند لەو دیدارە، جەخت لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەر دوو دەزگا و هاوکارییەکانیان کرا.