کوردستان میدیا

سێشەممه 1ی خەزەڵوەر 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات: پشتیوانی خۆمان بۆ بەرەنگاریی مەدەنیانەی خەڵکی کوردستان و بازاڕیان دووپات دەکەینەوە

22:11 - 16 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لەهەمبەر مانگرتنی ئەمڕۆی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە چەند شارێک بەهۆی بوونی هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر و گرانی و خراپی باری گوزەران مانیان گرت و دوکان و بازاڕەکانیان داخست، دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزب بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

بەیاننامە سەبارەت بە مانگرتن لە چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان

هەر وەک ئاگادارن، ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ی ڕەزبەر بازاڕیانی چەند شارێکی کوردستان دەستیان دایە مانگرتن و دوکان و بازاڕیان داخست.

مانگرتنی ئەمڕۆی  چەند شاڕێکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوکات لە شار و ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بەڕێوەچوو، رەنگدانەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستانە  بەرامبەر بە دۆخی  قەیراناویی ئابووری  کە سەرتاپای وڵاتی گرتووەتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە وەک  هاوخەباتی  و پشتیوانی کردنی ناوچەکانی دیکەی ئێران هەژمار دەکرێت.

وەک سیاسەتی هەمیشەیی و پڕەنسیپی نەگۆڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پشتیوانی لەم مانگرتنانە و شێوەکانی دیکەی بەرەنگاریی مەدەنیانەی سەرجەم  چین و توێژەکانی ئێران و کوردستان دەکەین.

هاوچەرەنووسیی گەلانی بندەستی ئێران  و رووخاندنی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، پێویستیی بە هاوخەباتی و یەكڕیزی  زیاترە و ئەمەش بە  خاڵی جەوهەریی خەباتی یەکلاکەرەوە لە دژی رێژیم دەزانین و لە داهاتووشدا پێداگری لە سەر دەکەینەوە.

لێرەدا جارێکی دیکە پشتیوانی خۆمان بۆ بەرەنگاریی مەدەنیانەی خەڵکی کوردستان و بازاڕیان دووپات دەکەینەوە و هاوکات جەخت لە سەر خەباتی جەماوەریی شارەکان دەکەینەوە.

سەرکەوێ خەباتی جەماوەریی
سەرکەوێ خەباتی شارەکان 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەزگای رێکخستنی گشتی

١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی
٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨ی زایینی