کوردستان میدیا

یەکشەممە 31ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایك

14:27 - 2 رەشەمه 2712

كوردستان میدیا: لە راگەیەندراوەكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتدا هاتووە، زمانی دایك ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەیە، بۆیە پاراستن ‌و پاراو راگرتن ‌و گەشە پێدانی ئەو زمانە ئەركی هەرە گرینگ مانە.


دەقی راگەیەندراوەكە:


كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ‌و نەتەوە ماف پێشێلكراوەكانی ئێران

گرینگی ‌و بایەخدان بە زمانی دایك ئەوەندە بۆ كۆمەڵگای جیهانی جێگای رێز ‌و خاوەن بەهایە كە ساڵی ١٩٩٩ی زایینی رێكخراوی فەرهەنگی یونسكۆ لە سێهەمین دانیشتنی خۆیدا، رۆژی ٢١ی فوریەی وەك رۆژی جیهانی زمانی دایك دیاری كرد ‌و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی‌دا كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئەم دەستنیشان كردنەی بە فەرمی ناسی. دیاریكردنی رۆژێك بە ناوی رۆژی جیهانی زمانی دایك لە لایەن ئەو دامەزراوەیە جیهانییەوە نیشانەی گرینگیدان بە زمانی دایكە كە وەك ناسنامەی هەر نەتەوەیەك سەیری دەكرێ‌‌و پاراستنی ‌و گەشەپێدانی مانای زیندوویی ئەو نەتەوەیە دەگەیەنێ‌. ئەو بایەخە ئەگەر بۆ هەر نەتەوەیەك لە هەر هەڵومەرجێكدا گرینگ ‌و بەنرخە بۆ ئەو نەتەوانەی زمان ‌و فەرهەنگ ‌و كولتوریان لە مەترسی دایە ‌و هەوڵی تواندنەوە ‌و نەمانی دەدرێ‌‌و لەو رێگایەشەوە بوار بۆ تواندنەوەی نەتەوەیی دەرخسێندرێ‌پتر جێگای سەرنجدان ‌و بایەخ پێدانە، بە تایبەت بۆ نەتەوە ماف پێشێلكراوەكانی ئێران ‌و بۆ نەتەوەی كورد لە ئێران كە زمانی دایكیان بۆ خوێندن ‌و فێربوون لێی قەدەغە كراوە ‌و فەرهەنگ ‌و كولتوریان بێ‌ناز ماوەتەوە‌و لە لایەن رێژیمە تەواوخواز ‌و نادێموكراتیكەكانی وەك رێژیمی پاشایەتی ‌و كۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی بە بەرنامە بۆ نەمان‌و بێ‌رەنگ بوونیان داوە ‌و دەیدەن، گرینگی گەلێك زیاتری هەیە. بە تایبەت كە كۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو تواناوە تێدەكۆشێ‌رۆڵەكانی كورد لە زمان ‌و فەرهەنگی خۆیان بێگانە بكا ‌و بە بیانووی زمانی رەسمێیەوە زمانێكی دیكەیان بەسەردا بسپێنێ‌‌و وا بكا كە رۆڵەكانی كورد زمانی دایكی خۆیان بەكەم بگرن‌و بەرەو زمانێكی دیكە بۆ فێربوون ‌و خوێندن ‌و راهاتن بە فەرهەنگێكی جیا لە فەرهەنگی خۆیان ناچار بكرێن.
لە هەڵومەرجێكی ئاوادا‌و ‌و لە حاڵێكدا كە كورد خەبات بۆ مافە نەتەوایەتی ‌و ئازادییەكانی خۆی دەكا گرینگی دان بە زمانی كوردی وەك زمانی دایك ‌و پاراستن ‌و گەشەپێدانی سەرەڕای هەموو ئەو كەند‌و كوسپانەی كە بۆی پێكهاتووە ئەركێكی نەتەوەیی ‌و لایەنێكی گرینگی خەباتی نەتەوایەتییە. بۆیە پێویستە هەر رووناكبیرێكی كورد، هەر خەباتكارێكی رێگای رزگاری نەتەوەیی، هەر توێژێكی كۆمەڵی كوردەواری، هەم بە باشی هەست بەپیلانەكانی رێژیم بكەن ‌و هەم بۆ بەربەرەكانی لەگەڵ ئەم سیاسەتە دژی مرۆڤانەیەی رێژیم كە لە پێناو شێواندنی زمان ‌و فەرهەنگی كوردی یان بۆ تواندنەوە ‌و لە نێو بردنیدا بێ‌وچان كار ‌و هەوڵی بە بەرنامەی بۆ دەدا، تێبكۆشن.

زمانی كوردی، زمانی دایك ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەیە، بۆیە پاراستن ‌و پاراو راگرتن ‌و گەشە پێدانی، ئەركی هەرە گرێنگمانه. لەو رۆژەدا ‌و لە موناسبەتی رۆژی جیهانی زمانی دایكدا وێراێ‌ پیرۆزبایی لە هەموو تێكۆشەرانی رێگای پاراستن ‌و پەرەپێدانی زمانی كوردی، هیوادارین ئەم رۆژە ببێتە رۆژی بەهێزتر بوونی ئێرادەمان بۆ پاراستنی زمانەكەمان، بۆ مانەوەی نەتەوەكەمان ‌و ببێتە هەوێنی هەوڵدان بۆ دەست پێڕاگەیشتن بە مافە سروشتیەكانمان كە خوێندن بە زمانی كوردی ‌و گەشەدان بە فەرهەنگ ‌و كولتوری نەتەوەیی بەشێك لەو مافانایە.


جارێكی دیكە پیرۆز بێ‌رۆژی٢١ فێڤریە رۆژی جیهانی زمانی دایك
حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٠ی فوریەی٢٠١٣ی زایینی
٢ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی