کوردستان میدیا

دووشەممه 25ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی کۆتایی خولی فێرکاریی زمانی کوردی لە مەریوان بەڕێوەچوو

23:33 - 27 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: خولێکی فێرکاریی زمانی کوردی لە شاری مەریوان بە هاوکاری سێ ناوەندی فەرهەنگی ـ ئەدەبی بەڕێوەچوو و لە کۆتاییدا بە بەشدارانی سەرکەوتووی ئەو خولە فێرکارییە بڕوانامە و خەڵات پێشکەش کرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ هونەریی ڤەژین، ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ زانستی رۆنان و ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ ئەدەبیی مەریوان، سێ ناوەند بوون کە بە بەشداری خوازیاران لە بەڕێوەبردنی خولی زمانی کوردی رۆڵی سەرەکییان بووە.

لە رێوڕەسمی کۆتایی ئەم خولە فێرکارییە کە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی لە ساڵۆنی کۆڕی فەرهەنگی ـ هونەریی مەریوان بەڕێوەچوو، لە دەسپێکدا پەیامی سێ ناوەندی ئەدەبی ـ فەرهەنگی لەلایەن لەیلا سەمەدیـەوە خوێندرایەوە.

پاشان، ئەنوەر رەوشەن یەکێک لە نووسەر و چالاکیی فەرهەنگی لە بواری زمانی کوردی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

بەشێكی دیکە ئەم کۆڕە بە پێشکەش کردنی پەیام لە لایەن ناسێح باخیشی، نوێنەری ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ زانستی رۆنان و چەند وتەیەکی محەممەد کەریمی لە سەر ئاماری قوتابیان و خولی زمانی کوردی تەرخان کرابوو.

پێشکەش کردنی چەند قسەیەک لەلایەن شوعەیب دانیش‌پەژووه لە سەر چۆنیەتی فێرکاری و چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە سەر بەڕێوەچوونی کلاسەکانی ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ هونەریی ڤەژین ئەو بەشانە بوون کە دواتر پێشکەش کران.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو لە ساڵۆنی کۆڕی فەرهەنگی ـ هونەریی مەریوانەوە لە درێژەی ئەم رێوڕەسمەدا سرودیک بە نێوی خوایە وەتەن ئاوا کەی لەلایەن سنوور ئەمانی و نسار برزویی پێشکەش کرا.

هەروەها چەند پارچە شێعر لەلایەن ژینو ئەنوەری و هێمن رەحیمی پێشکەش کران.

لە نێوئاخنی ئەم رێوڕەسمەدا، دوکتور حامد کۆنەپۆشی، فەرهاد راوش، آرام فەتحی، شەیدا باسامی، لەیلا سەمەدی، شوعەیب دانش‌پەژوو، ناسح باخیشی، خالد یوسفی خەڵاتیان پێشکەش کرا.

هەروەها بە بەشدارانی سەرکەوتووی خولی فێرکاری زمانی کوردی بڕوانامەی دەرچوون لە خولەکە پێشکەش کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەتیەکانی رێژیمی ئێڕان چەندین جار و بەچەند شێوەیەکی جۆراوجۆر پێشگیریان لە دەرکردنی مۆلەتی بەڕێوبردنی ئەم کلاسانە کردووە بەڵام بە هەوڵی بەڕێوەبەرانی، ئەو خولە بە سەرکەوتووییەوە بەڕێوەچوو.