کوردستان میدیا

یەکشەممە 27ی گەلاوێژ 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێكی سیاسی - تەشكیلاتی لە سوئید بەڕێوە چوو

12:33 - 6 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: سێمینارێكی سیاسی - تەشكیلاتی بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموكرات لە سوئید و ئامادەبوونی ئەندامانی ڕێبەری، بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەكشەممه، ٥ی جۆزەردان سێمینارێكی سیاسی - تەشكیلاتی بە بەشداریی مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی، ئەندامی ئیفتیخاری ناوەندی سیاسیی حیزب، دوكتور ئیدریس ئەحمەدی، ئەندامی ناوەندی سیاسی و مامۆستای زانكۆ لە زانستە سیاسییەكان و سلێمان كەڵەشی بەرپرسی ناوەندی ڕێكخستنی سكاندیناویی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لە شاری ئیسكیلستوونا بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە سروودی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێ كرد.

دواتر "وەهاب تیوری"، بە ناوی كۆمیتەی گشتییەوە باسێكی كورتی لەسەر كار و چالاكییەكانی كۆمیتە خستە ڕوو.

لە دەستپێكی سێمینارەكەدا، مامۆستا مەلا حەسەن وێڕای گرینگیدانی زۆر بە ڕۆڵی كورد و حیزبی دێموكرات لەو قۆناغە هەستیار و پڕ لە ئەگەر و پێشهاتەدا، سەبارەت بە دۆخی ناوچەكە بەتایبەت پاش گۆڕانكارییەكانی وەك چوونە نێو لیستی تێرۆری سپای پاسداران، هاتنی هێزی زیاتری ئامریكا بۆ ناوچەی كەنداو و بارودۆخی گشتیی ئێران باسێكی وردی پێشكەش كرد.

لە پانێلی دووهەمی سێمینارەکەدا د. ئیدریس ئەحمەدی، بە شێوەیەكی سیاسی و زانستی تیشكی خستە سەر پێكهاتەی ئێستای حیزبی دێموكرات و وێنەیەكی ڕوون و دیاری لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی حیزب بە ئامادەبووان بەخشی و لە ڕوانگەیەكی زانستییەوە پرۆسەی دروستبوونی بڕیار و جێبەجێبوونی لە نێو حیزبی دێموكراتدا شی كردەوە.

دواتر، سلێمان كەڵەشی، بەرپرسی ناوەندی ڕێكخستنی سكاندیناوی باسێكی وردی تەشكیلاتی پێشكەش كرد و بەهێزبوونی باری تەشكیلاتی حیزبی وەك مەرجی كاریگەربوونی حیزب لە قەڵەم دا. هەروەها بەگرینگییەوە باسی لە خۆپێشاندانەكەی یادی ٣٠ ساڵەی تێرۆركرانی د.قاسملوو و هاوڕێیانی كرد، كە بڕیارە ١٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە بەردەم پارلەمانی ئورووپا لە بروكسلدا بەڕێوە بچێت.

مەولوود عەبدیلزادە، بەرپرسی كۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوئید، باسێكی لە بارەی كاروبار و پێكهاتەی تازەی كۆمیتەوە پێشكەشی بەشداربووان كرد، كە تێیدا كۆمەڵێك بەرچاوڕوونی سەبارەت بە ئێستا و بەرنامەی داهاتووی کۆمیتەوە بە ئامادەبووان درا.

بەشی کۆتایی سێمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و ڕاوبۆچوونی بەشداربووان و وڵامدانەوەی میوانەکانی سێمینار.