کوردستان میدیا

دووشەممه 28ی جۆزەردان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی پارتی ئازادیی كورد لە سووریە لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات

21:18 - 9 خەرمانان 2712

كوردستان میدیا: هەیئەتێكی پارتی ئازادیی كورد لە سووریە بە سەرپەرستیی سكرتێری ئەو پارتە سەردانی دەفتەری سیاسیی حێزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا سەرلە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 9ی خەرمانانی 1391ی هەتاوی هەیئەتێكی پارتی ئازادیی كورد لە سووریە بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا جومعە سكرتێری ئەو پارتە ‌و وەڤدێكی هاوڕێی سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد ‌و لەلایەن هەیئەتێكی حیزبی دێموكرات بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا هیجری سكرتێری حیزبی دێمۆكرات پێشوازییان لێكرا.
لەم دیدارەدا مستەفا جومعە باسێكی سیاسیی لەسەر رەوشی كورد ‌و رۆڵی ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریە ‌و هەوڵەكانی ئەرتەشی ئازادی سووریە ‌و بەربەرەكانێی كۆمەڵانی خەڵكی سووریە لە بەرانبەر هێزە سەركوتكەرەكانی حكوومەتی بەشار ئەسەد هێنایە گۆڕێ‌.
ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بە هەوڵە دیپلۆماتیكەكانی ئەنجومەنی ئاسایش ‌و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد كە بە شێوەیەكی بەردەوام رەوتی رووداوەكانی سووریەیان لەژێر چاوەدێری دایە ‌و گوشاریان خستۆتە سەر بەشار ئەسەد بۆ وازهێنان لە دەسەڵات.
پاشان مستەفا هیجری باسێكی لە پێوەندی لەگەڵ روانین ‌و بۆچوونی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی لەمەڕ پرسی سووریە ‌و ئەگەری ئاڵوگۆڕە سیاسییەكان لەو وڵاتە كرد و لەسەر زەروورەتی یەكیەتی ‌و یەكگرتوویی هێزە سیاسییەكانی كورد لە سووریە جەختی كردەوە ‌و لەمەڕ پشتیوانیی سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان لە بزووتنەوەی مافخوازیی گەلی كورد لە سووریە پێداگریی كردوە.