کوردستان میدیا

چوارشەممه 30ی جۆزەردان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێكی حیزب لە سێمیناری ئیسماعیل بێشكچی‌دا بەشداریی کرد

17:40 - 8 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک بەشداریی لە سێمیناری ئیسماعیل بێشكچی‌دا کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٦ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێكی كۆمیتەی حیزبی دێموكرات بە سەرپەرەستیی \'\'سەعید سوڵتانپوور\'\'، لە شاری كۆپێنھاگ، بەشداریی لە سێمیناری زانا و نووسەری بەناوبانگی تورك ئیسماعیل بێشكچی‌دا کرد.

ئەو سێمینارە كە لە لایەن فێدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكان لە وڵاتی دانمارك بۆ ئیسماعیل بشیكچی ئامادە كرابوو، بە باسێكی پڕنێوەرۆك لە لایەن ئەو دۆستە مەزنەی نەتەوەی کوردەوە دەستی پێكرد.

ناوبراو لە قسەكانیدا لە سەر ھەموو بەشەكانی كوردستان و بە تایبەتی گرینگیی ھەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان قسەی كرد و گوتی: زۆر شەرمە لە كاتێكدا كە نەتەوەیەكی ٥٠ میلیۆنیی وەكوو كورد ئەندامی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان نییە، و لە بەرانبەردا كورد داوای سەیری وەك دێموكراتیزە كردنی توركیه، عێراق، سووریە و ئێران دەكا !!\'\'.

ناوبراو گووتیشی؛ کورد نەبێتە‌ خاوە‌نی ناسنامە‌ی خۆ‌ی، کە‌س ڕێزی لی ناگرێ.

بێشكچی هەروەها گوتی: بۆچی پ.ک.ک پشتگیری لە دامە‌زراندنی دە‌وڵە‌تی فە‌لستین دە‌کات ،بە‌ڵام ڕێگری دە‌کات لە دامە‌رزاندنی دە‌وڵە‌تی کوردی! بۆچی کورد هە‌وڵ دە‌دا ئێران و عێراق و سووریە‌ و تورکیە‌ بگۆڕێ بۆ سیستمی دێموکرات، بە‌ڵام بیر لە‌ دە‌وڵە‌تی سە‌ربە‌خۆی کوردستان ناکاتە‌وە‌. بۆچی کورد هێندە‌ خۆ‌ی پێ بچووکە‌!.

ئەم نووسەرە گەورەی تورك لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: كورد تەنیا دەبێ بیر لە یەك شت بكاتەوە، ئەویش ڕزگاریی نەتەوەیی لە دەست داگیركەرانی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە.

بێشكچی لە بەشێك لە قسەكانی خۆیدا گوتی: كێشەی كورد، كێشەی دێموكراسی نییە، بەڵكوو كێشەی نەتەوەیەكە كە خاكەكەی داگیر كراوە و ھەموو سامانی ئەو گەلە لە لایەن فارس، تورك و عەرەبەوە تاڵان دەكرێ و ڕۆژ بە ڕۆژ كوردستان وێرانتر لە جاران دەبێ.

لەو سێمینارەدا چەندین پرسیار لە لایەن بەشدارانەوە ئاراستەی نووسەر و زانای گەورەی تورك كرا، كە ناوبراو بە وردی وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.