کوردستان میدیا

شەممه 5ی جۆزەردان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێكی پارتی سۆسیالیستی كوردستانی باكوور، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كرد

16:52 - 20 رەشەمه 2716

كوردستان میدیا: لە دیداری نێوان هەیئەتەكانی پارتی سۆسیالیستی كوردستانی باكوور و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا ئاڵوگۆڕە سیاسییەكانی پێوەندیدار بە پرسی كورد لە ناوچەدا تاوتوێ كران.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ڕۆژی ٥ شەممە رێكەوتی ١٣٩٥/١٢/١٩ی هەتاوی بەرانبەر بە ٣/٩/ ٢٠١٧ی زایینی شاندێكی پارتی سوسیالیستی كوردستانی باكوور بە سەرپەرەستیی مەسعوود تەك، سەروکی ئەو حیزبە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئیرانیان كرد و لە لایەن هەیئەتێكی دەفتەری سیاسی بە سەرپەرەستیی حەسەن شەرەفی، جێگری سكرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێ كرا.

لە دانیشتنێكی دۆستانەدا باسێكی سیاسی لە نێوان دوو ‌هەیئەتی هەر دوو حیزب لەسەر دوایین ئاڵوگۆڕە سیاسییەكان لە توركیە و بە تایبەتی پرسی ڕیفراندووم بە مەبەستی ئاڵوگۆڕ لە یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتەدا و شوێندانەریی لە سەر پرۆسەی سیاسی و پرسی كورد لەو وڵاتەدا و ڕوانینی لایەنە سیاسییەكانی كورد لە باكوور لەو پێوەندییەدا باس كرا.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا، باسێك لەسەر تێكۆشانی بزووتنەوەی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕۆڵی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئیران لەو پێوەندییەدا هاتە ئاراوە. لە ئاكامی ئەو باسە سیاسییە و ئالوگۆڕی بیروڕادا، هەر دوو لایەن لەو باوەڕەدا بوون كە لەم بارودۆخە سیاسییەدا تەنیا بە یەكیەتی و یەكڕیزیی پارتە سیاسییەكانی كوردستان ئامانجەكانی كورد لە هەر كام لە پارچەكانی كوردستاندا دابین دەكرێت.

لە كۆتایی ئەو باسەدا جارێكی دیكە بەڕێز حەسەن شەرەفی، جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران خۆشحاڵیی خۆی و هاوڕێیانی بۆ ئەم سەردانەی شاندی پارتی سوسیالیستی باكوور دەربڕی و لەسەر پێویستیی بەردەوامی و پتەوتربوونی پێوەندییەكانی نێوان هەر دوو حیزبی دۆست جەختی كردەوە.