کوردستان میدیا

چوارشەممه 27ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیلمی بەرهەمهێنەرێکی کورد وەک سەرکەوتووترین دیکیۆمێنتاریی فێستیڤاڵی ئاسیا پاسیفیک هەڵبژێردرا

19:13 - 22 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: فیلمی هەزار و یەک سێو بە دەرهێنانی تەها کەریمی، بەرهەمهێنەری کوردی خەڵکی شاری بانە، خەڵاتی باشترین دیکیۆمێنتاریی فێستیڤاڵی ئاسیا پاسیفیکی بەدەست هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، فێستیڤاڵی ئاسیا پاسیفیک بە بەشداریی ٣٦ فیلمی ٢١ وڵاتی ئاسیایی بەڕێوەچوو و خەڵات بەسەر باشترین فیلمەکاندا دابەش کرا.

بەپێی ئەم راپۆرتە، فیلمی هەزار و یەک سێو بەرهەمی نەمر تەها کەریمی، بەرهەمهێنەری کورد خەڵکی شاری بانە، بە نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەم فێستیڤاڵە بەشداری درابوو.

هەزار و یەک سێو لە فێستیڤاڵی ئاسیا پاسیفیک توانیی خەڵاتی باشترین فیلم بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

لە بەیاننامەی شاندی داوەران سەبارەت بە فیلمی هەزار و یەک سێو، نەمر تەها کەریمی هاتووە: ١٠٠١ سێو نیشاندەری ئەو خەفەت و سەخڵەتەیە کە نەتەوەی کورد هەڵگری بووە.

ئەم فیلمە شوێن و قوژبنە لێڵەکانی مێژوو بە بینەران دەناسێنێت و هەلێک دەڕەخسێنێت بۆ بەجێماوانی کۆمەڵکوژیی گەلی کورد، هەتاکو قسە بکەن.

داوەران بە دیتنی ئەم فیلمە هەستیان بزوت و ئاواتیان خواست کە هەمووی ئەو قوربانیانەی کە لە ئەم فیلمە ژیاننامەی خۆیان باس کردووە، بە ئاشتی و تەناهی بگەن.

تەها كەریمی ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی لەشاری بانە لەدایك بووە و دواتر لەبەشی سینەما لەزانكۆی هونەریی تاران لیسانسی لەبواری دەرهێنان وەرگرتووە.

ئەو سینەماكارە كوردە خاوەنی چەندین فیلمی دیكیۆمێنتی بوو و هەروەها ٤ فیلمی كورتیشی بەناوەكانیسنوری ژین، زریان، سەمای مروارییەكان و كوێستانی سپی بەرهەم هێناوە و فیلمی سینەمایی كوێستانی قەندیل یەكەم فیلمی درێژی تەها كەریمی بووە.

هەر لەو پێوەندییەدا فیلمی دیكیۆمێنتی بەكرێگیراوی سپییش لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد تەها كەریمی لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە دوو بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی و هەروەها بەشی پێشبڕكێی شەڕ لە میانەی شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سینەما هەقیقەت لە هۆڵی سینەما وەحدەتی شاری تاران نمایش كرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی دیكیۆمێنتیی بڵیندی بەشی نێودەوڵەتیی ئەم فێستیڤاڵە مسۆگەر بكات.

ئەم دەرهێنەرە کوردە، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە هۆی پێكدادانی دوو ئۆتۆمبیل لەشاری سلێمانی گیانی لەدەست دا.