کوردستان میدیا

یەکشەممە 31ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوڵ‌تر بوونەوەی کێشەی نێوان ئێران، تورکیە و عێراق

17:16 - 4 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: رەجەب تەیۆب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورکیە، نووری مالیکیی بە هەوڵدان بۆ پەیدا کردنی بڕشتی خۆی لە ناوچە تاوانبار کردووە.


بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی رۆیتێرز، ئەردۆغان لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا ئەوەی رەت کردۆتەوە کە هەوڵی دابێت لە نێوان تايفه و نەتەوەکانی عێراق، بەتایبەتی شیعە و سوننە و کورد، ناکۆکی و چەندبەرەکی دروست بکات. تۆمەتێک کە لەلایەن نووری مالیکییەوە دابووە پاڵ ناوبراو.
رۆژی پێنج‌شەممەی رابردوو، ئەردۆغان، نووری مالیکیی بە هەوڵدان بۆ پەیدا کردنی بڕشت و تەشەنەی خۆی لە ناوچە، لە رێگای دروست کردنی شەڕ و ئاژاوەی دەروونی لە نێوان تورکیە و عێراقدا تاوانبار کردووە. لەلایەکی دیکەشەوە کێشەی نێوان تورکیە و عێراق رووی لە زێدە بوون دایە و ئەو کێشەیە هەتا رادەیەک توندوتۆڵ بۆتەوە کە نووری مالیکی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا ئەردۆغان بە دوژمن ناودێر کرد.
هەروەها ئەردۆغان گوتوویەتی: ئەگەر من وڵامی مالیکی بدەمەوە، دەرفەتێکە بۆ ناوبراو و هیچ هۆکارێکیش نابینم کە ئەو دەرفەتە لە ناوچەدا بۆ مالیکی برەخسێنم.
ئاخاوتنەکانی ئەردۆغان لە کاتێکدا بوو کە نووری مالیکی سەردانی ئێرانی کردبوو و لەگەڵ ئەحمەدی‌نژاد هاودیتنیان پێکهێنابوو. ئەحمەدی‌نژاد پێوەندیی نێوان ئێران و عێراقی بە پێوەندییەکی تایبەتی و جیاواز و کەم وێنە لە قەلەم دا.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە پێوەندیی نێوان ئێران و تورکیەش لەم چەند رۆژەی رابردوودا تووشی گرژی و ئاڵۆزی بووەوە و پاش سەردانی ئەردۆغان بۆ ئێران و هاودیتنی لێپرسراوانی ئەو دوو وڵاتە، جیاوازیی بیروڕاکان سەبارەت بە کێشەی سووریە توندوتۆڵ‌تر بووەوە.
هەڵوێست گرتنی دوولایەنەی ئەردۆغان و مالیکی لەدژی یەکتر پاش دیداری سەرۆک وەزیرانی تورکیە لەگەڵ مەسعوود بارزانی هاتە ئاراوە.
ئەردۆغان پاش هاودیتنی بارزانی هوشداریی دا کەلە ئەگەری دەسپێکردنی شەڕ خێڵەکی و عێراق، تورکیە بێ‌دەنگ نابێت.
دەوڵەتی تورکیە رەخنەگری جیدیی رێژیمی بەشار ئەسەد (هاوپەیمانی سەرەکیی رێژیمی ئێران و دەوڵەتی نووری مالیکی) کە لەگەڵ قەیرانێکی سیاسیی بێپێشینە لە وڵاتەکەیدا بەرەڕووە.