کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی نوستوو

10:06 - 26 رێبەندان 2718

ڕێبوار مەسعودی

بنمیچی ئازادی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بیروباوەڕ و فیکرییەتی خەڵکەوە ھەیە، لە نێو کۆمەڵگایەکدا کە ورە و فیکرییەت و ھەوڵدانی خەڵک کورت بێت، بنمیچی ئازادیش ھەر بە ھەمان شێوە کورت دەبێتەوە، کاتێک بنمیچ کورت و کۆتا بێت، مرۆڤە گەورەکان ئەوندە سەریان لە بنمیچەکە دەدرێت کە لە نێو دەچن، بەڵام مرۆڤە چکۆلەکان بە ڕاحەتی دەتوانن بێن و بچن، خەڵکیش بۆ مانەوەیان ئەوندە کڕنۆش دەبەن کە ئەوانیش چکۆلە دەبنەوە و بنمیچەکە ھەر ڕۆژ کۆتاتر دەبێتەوە تا لە کۆتاییدا ناچار دەبن کڕنۆش بەرن و ئیتر ناتوانن مل هەڵبڕن و کۆیلەتی قەبووڵ دەکەن. (داستایۆفسکی، ڕۆمانی بێچارەکان)

توندوتیژی و ئەشکەنجە و ئازاری جۆراوجۆر و ناخۆش لە وڵاتی ئێمە مێژوویەکی زۆری ھەیە و زۆربەی ڕێژیمەکان، ئۆپۆزسیۆنەکانی دژبەری خۆیان لە نێو زیندانە دەوڵەتییەکان و گرتنگەکان و ھەروەھا لە بەرچاوی خەڵک ئەشکەنجە کردووە، کە بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان لە ساڵی ١٣٥٧ھەتاوی بەملاوە، ئەو ئەشکەنجە و ئازارانە زۆرتر بووە؛ تەنانەت لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی ھەزاران کەس بە ناوی ئینقلابی و موخالیفی پاشایەتی لە لایەن دەزگای ساواکەوە دەسبەسەر دەکران و لە نێو زیندانەکاندا لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی زۆرداردا بوون، کە زۆربەیان لە ژێر ئەو ئازارانەدا گیانی خۆیان لەدەست داوە، ساواک لە ھەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک بۆ دانپێنانی زۆرەملێ کەڵکی وەردەگرت، دواتر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران کەسانی سەربە ڕێژیمی ئاخوندی گرووپە دژبەرەکانی خۆیانیان بە ناخۆشتڕین و توندترین شێواز ئەشکەنجە و ئازار دەکرد، ھەر دەستە و گرووپێک زیندانی تایبەتی خۆیانیان ھەبوو، کە لە تیرباران و ئێعدام و دەسدرێژی بە شێوازی جۆڕواجۆر بۆ سەرکوتکردنی دژبەرانی خۆیان کەڵکیان وەردەگرت، دواتر و بەدوای  دەستبەکاربوونی دەوڵەتی نوێ کە دروشمی ماڤی مرۆڤ و خەبات بە دژی ئیمپریالیزم و داکۆکی لە ھەژارانی دەدا، ئەم ئەشکەنجە و ئازارانە ھەر بەردەوام بوو، ھەرچەند بەپێی یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ناو یاساکاندا بە ڕوونی باسی کردووە، کە "ئەشکەنجەی مرۆڤەکان قەدەغەیە و ھیچ کەسێک ناتوانێت بەتایبەت تەنانەت بە ھۆی بەدەسھێنانی هەقێقەتەکانی کەسانێک تر کە لە ژێر چاوەدێرییە تەنانەت مەحکووم بە زیندانیش بێت.

نابێت لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردا بێت، بڕیاری حوکمێک کە بەپێچەوانەی کەرامەتی مرۆڤ بێت، قەدەغەیە. بەڵام لەو جێگایەی کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا ڕێژیم لە بەرێوبڕدنی یاساکان سەرپێچی کردووە، نیشان نەدراوە کە ئەو کەسەی وا ئەشکنجەی دەکات بکەوێتە ژێر چاوەدێری و دەسبەسەر بکرێت یا تایبەت لەسەر کارەکەی نەمێنێت، چوونکە لە ئەساسەوە ئەو کەسانەی وا بەرپڕسن و زیندانییان ئەشەکەنجە دەکەن، لە نێو دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی ڕێژیمن و ھەر ئەو کەسانن کە پشتیوان و یارمەتیدەری ڕێژیمن، ڕێژیمی ئێران لە ساڵانی ڕابردووەوە بە ھۆی ئەشکەنجەی سیستیماتیک لە لایەن لێپرسەر و کاربەدەستانی ئەمنییەتییەوە لە ژێر ڕەخنەی ڕێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤدا بووە، لە نێو زیندانەکانی ڕێژیمی ئاخوندی  ھەموو کات لە ھەموو ئەشکەنجەیەکی جۆرواجۆری زیندانییان باس کراوە، کە لە زۆربەی کاتەکان بووەتە ھۆی خۆکوژیی زیندانییان، لە چەند دەیەی ڕابردوودا کەسانی سیاسی و ئایینی زۆربەی زندانییانی نێو زیندانەکانی ڕێژیم بوون، لە ساڵانی ڕابردوو چالاکڤانانی ماڤی مرۆڤ و بەتایبەت ئەو کەسانی وا زیندانی بوون، چی ئەوانەی لە نێوخۆ و چی ئەوانەی وا لە دەرەوەی ئێرانن، باسیان کردووە و جەختیان لەسەری کردووەتەوە، کە زیندانییان لە نێو زیندانەکانی ڕێژیمدا تووشی ئەشکەنجە و ئازار دەبن، تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئورووپا لە ڕاپۆرتەکانی خۆیاندا باسی ئەشکەنجەی زیندانییانیان کردووە و بە ھۆی ئەمەوە ھەموو کات ڕێژیم مەحکووم دەکرێت، وتووێژێک کە لەگەڵ زیندانییان کراوە، وتوویانە کە لە ژێر ئەشکەنجەی جۆرواجۆڕدا مەجبوور بە دانپێنان بوون و دوای دانپێنان ئەشکەنجە و گوشار تەواو دەبوو، بڕێک لە زیندانییان وتوویانە کە لە بارەی ئەو قسانە کە نووسراوە، ھیچ زانیاڕییەکیان نییە، یا نەیانتوانیوە ئەو نووسراوەی کە بە زۆر و گۆشار واژۆیان کردووە و بەسەریاندا سپاوە بیخوێننەوە، نموونەکان زۆر و روونیشن کە دەتوانین باسی لەسەر بکەین، کە لە ژێر ئازار و ئەشەکنجە ناچار بە دانپێنان بوون: کاک ھیدایەت عەبدوڵڵاپوور کە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سپاوە، ڕامین حوسێن‌پەناھی و زانیار و لوقمان مورادی کە لە دوای دانپێنان لە ژێر ئەشکەنجە، ئێعدام کران و یا ستاری بەھەشتی کە لە ژێر ئەشکەنجەوە گیانی خۆی لە دەست دا و ھەزاڕان کەسی دیکە کە لە نێو زیندانەکانی ڕێژیمدان، بەتایبەت لە زیندانی ئیتلاعات کە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆردان کە یەکێک لەو ئەشکەنجە ھەرە گرینگ و سەرەکییەکانی ئیتلاعات دەسبەسەر و ھێنانی بنەماڵەی زیندانییانە وەکوو دایک وباوک و خۆشک و ژن و منداڵیان بۆ گوشارھێنان و ئەشکەنجەی ڕۆحی زیندانییەکان، کە زۆڕبەی کاتەکاندا زیندانی بە ھۆی پاراستنی شەرەف و کەرامەتیان ناچار بە دانپێنان دەبن. زیندانی ئیتلاعاتی کرماشان یەکێکە لە ترسناکترین زیندانەکانی ڕێژیم کە زۆربەی زیندانییانی سیاسی و ئەمنییەتی و ئایینی کە ئەگەر لە سێدارە نەدرێن، دوای ھاتنەدەرەوە لە زیندان تووشی کێشەی دەروونی و ڕۆحی و جەستەیی دەبن، کە من بۆ خۆم، یەکێک لەو ھەزاران کەسە بووم، کە لە نێو زیندانی ئیتلاعاتی کرماشان شایەتی ئەو ھەموو ئەشکەنجە و ئازارانە بووم، بە چاوی خۆم بینیوە و ھەستیشم پێ کردووە کە ئاسەواریشی ئێستا ھەر لەسەر جەستەم ماوە و یا شەھید کاک مەحموودی کڵاشی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان لە سێدارە درا و سەدان و ھەزاران نموونەی دیکە..، ئازادبوون لە دەست ئەشکەنجە و ڕەفتاری توندوتیژ و سووکایەتی و سزای زاڵمانە و نامرۆڤانە یەکێکە لە سەرەتاییترین ماڤەکانی ھەر ئینسانێک، بەڵگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ماڤی مرۆڤ ئەم ماڤەی داناوە و بە فەرمیشی ناساندووە و  جەختی لەسەر پاراستنی ئەو ماڤەی کردووە، بە ھاتنی دەوڵەتی ڕۆحانی لەگەڵ ئەوەی کە وادە و بڕیارێکی زۆڕیان لەسەر ماڤی مرۆڤ دابوو، بەڵام وەزعی پێشێلکردنی ماف و کەرامەتی ئینسانی خراپتر لە جاران بوو و خەڵکیش ئاگادار بوون، کە ئەو وادانە بەس بۆ فریوی خەڵک بووە، کە بۆ نموونە، دەتوانین ئیسماعیل بەخشی ناو ببەین، کە چۆن تەنیا بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانی خۆی ناڕەزایەتی دەربڕیبوو و چۆناوچۆن لە نێو زیندانە ترسناکەکانی ڕێژیم کەوتە ژێر ئازار و ئەشکەنجە، تا کاتێک کە ئەو کەسانە و بەرپرس و لێپرسەرانە تاوانی ئەو ئەشکەنجە و ئازارانە نەبینن و بە شێوەی هەقێقی و ڕاستی نەکەونە ژێر چاوەدێری یاسایی ئەم دۆخەوە ھیچ باشتر نابێت بەڵکوو ڕۆژ بە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت، پرۆسەی ئەشکەنجە و لەنێوبردن و کوشتنی دژبەرانی سیاسی و کرێکاری لە کارە بەردەوام و سەرەتایییەکانی ڕێژیمی ئێران بووە و لە یەک دەیەی ڕابردوودا کوشتنی زەنجیرەییی ڕووناکبیرانی ئێرانی و جەنایەتی زیندانی کەھریزەک  نموونەکانی ئاشکرابوونی ئەم ئەشکەنجانە لە نێو حکوومەتی ئاخوندی بووە، کە بە قسەی لایەنگران و کاربەدەستانیەوە خۆی بە ئیسلامیترین دەوڵەت لە ناوچەکە دەزانێت، زۆربەی کاتەکان ناوبردنی جەنایەتەکانی ڕێژیم لە لایەن میدیاکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە کاربەدەستانی میدیا و تەلەفزیۆنەکانی وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا نیسبەت دەدرێت، بەڵام ئاشکرابوونی جەنایەتەکانی زیندانی "کەھریزەک" کە بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی حکوومەتی ئێران لانیکەم چوار کەس لەو زیندانییانە لە ژێر ئەشکەنجە گیانی خۆیان لە دەست داوە، کە نیشان دەدات کە خستنەپاڵی ئەو ھەمووە ڕاستییانە و ڕوونکردنەوە بۆ میدیاکانی وڵاتانی ئوڕووپای و ئامریکا دەبێتە ھۆی شاردنەوەی ئەم ئەشکەنجە و کارەساتانە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان و نیزامی ڕێژیمی ئاخوندیەوە، سەرپێچی بێوێنەی مافی مرۆڤ بەگشتی و بەڕێوەبردنی ھەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک لە ئێراندا لە چوار دەیەی ڕابردوودا لەسەر بنەمای ستراتیژیکیی بەردەوامە، کە لە نێو وڵاتی ئێران  پلانی بۆ داڕێژراوە و کاری پێ دەکرێت، کە تەنانەت لە ڕابردوویشدا لە ئێستەدا زیاتر کاریگەریی ھەبووە و هەتا ڕۆژێک وەها ڕێژیمێک لەسەر کار بێت لە داھاتوویشدا ھەر بەردەوام دەبێت، بە ھۆی دۆخی ئەمنییەتی و دانانی چوارچێوە لەسەر چاوەدێری، زۆر  زەحمەتە، کە ئەو ئەشکەنجە و ئازارانە و ئەو کارانەی لەگەڵ زیندانییە سیاسی و ئەمنییەتییەکان دەیکەن، لە نێو وڵات و حکوومەتی ئێراندا لە نێو بچێت، ئەو مەرجانەی ڕێژیم دابینی کردووە و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی ڕێژیم لەگەڵ دژبەران و ئۆپۆزسیۆنی خۆی لە چوار دەیەی دەسەڵاتیدا، دەتوانێت بەڵگە و ھۆکارێکی بێئەملاوئەولا بێت، کە تا ڕۆژێک وەها ڕێژیمێک لەسەر کار بێت، ئەم ئەشکەنجە و ئازارانە ھەر بەردەوامە کە من بۆ خۆم وەک شایەتێک و بەڵگەیەک و سەندێکی زیندوو  کە زۆرترین ئازارم بینیوە، دەتوانم بە ڕوونی باسی ھەموو ئەو ئازارانە بکەم.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.