کوردستان میدیا

دووشەممه 19ی سەرماوەز 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ لایەنی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیەندراوێکیان لە بارەی هێرشە چەکدارییەکەی ئەهواز بڵاو کردەوە

13:43 - 5 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران، لە پەیوەندیی لەگەڵ هێرش بۆ سەر هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە شاری ئەهواز و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لەو پەیوەندییەدا، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ئێمە لەسەر بیروباوەڕی هەمیشەییی خۆمان، هەموو جۆرە کردەوەیەکی توندوتیژی و تێرۆر مەحکووم کردووە و دەیکەین. لێرەدا وەبیری دێنینەوە کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چوار دەیە لە دەسەڵاتی خۆی، بەردەوام لە تێرۆریزم دژی هەموو خەڵکی کۆمەڵگا چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی کەڵکی وەرگرتووە و بەو پێیە بەرپرسی سەرەکیی لە پێکهێنانی فەزای توندوتیژی و ئاڵۆزیی لە کۆمەڵگا حکوومەتی ئێرانە.

لە بەشێکی دیکە ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ڕۆژی شەممە ٣١ی خەرمانان، ڕێورەسمی ڕێژەی نیزامیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بۆنەی ٣٨هەمین ساڵڕۆژی شەڕی ئێران و عێراق، لە شاری ئەهواز، کرایە ئامانجی هێرشی چەکداری و لانیکەمی ٢٨ کوژراو و زیاتر لە ٥٠ برینداری لێ کەوتەوە. 

سەرەڕای هێزە نیزامییەکان، هێندێک لە کوژرا و بریندارەکان لە نێو خەڵکی ئاسایی و مەدەنی کە بۆ چاولێکردنی ڕێژەی نیزامیی هاتبوون، تێدابوون.

پاش بەدواداچوونی ئەم ڕووداوە و لایەنە جۆراوجۆرەکانی لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، سەرەڕای ئیدعای کەسێک کە پەیوەندیی ئەم ڕووداوەی بە گرووپ و ڕێکخراوەکەی ڕەت کرایەوە و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسایەتی ئەم ڕووداوە لە لایەن گرووپی تێرۆریستیی داعش و لە لایەن چەکدارانی ئەو گرووپەوە هەنووکە لە ناڕوونیدایە و ڕاپۆرتە فەرمییەکانی ڕێژیم سەبارەت بە هێرشکەران، دژبەیەکە. 

وتەبێژی سپای پاسدارانی ئێران قامکی تۆمەتی بۆ "گرووپە ئەهوازییەکان"، هەتا ئامریکا و ئیسرائیل و هێندێک لە وڵاتانی عەرەبی درێژ کردووەتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەو ڕووداوە و لەگەڵ دەسپێکردنی ٧٣هەمین کۆبوونەوە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و تەنیا دوای دوو حەوتوو پاش لە هێرشی مووشەکبارانی ئەم دواییانە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە خاکی عێراق و ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد و هەروەها هاوکات ئێعدامی ٣ کەس لە زیندانییانی سیاسیی بەلووچی پاش شەڕ و تێکەڵچوونێک لە سنووری وڵاتی پاکستان و تێرۆری دیکەی دەوڵەتی، زیاتر دڕدۆنگی دروست کردووە، کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەربەرەی سەفەری ڕۆحانی بۆ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە شوێنی چەواسەکردن و داپۆشینی ئەو جەنایەتە و دەسدرێژەیەی ئەم دواییانە و سەرنجڕاکێشانی هاودەردیی خەڵکی جیهان، خەریکی ڕۆڵی قوربانیبوونی تێرۆریزم بە خۆ دەگێرێت.