کوردستان میدیا

سێشەممه 30ی رەزبەر 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له‌ یادی٢٠ ساڵه‌ی قوتابییه‌كی ڕێبازی هزری قاسملوو!

14:04 - 24 پووشپەڕ 2719

ناسر ساڵحی ئەسڵ

٢٠ساڵ له‌وه‌ پێش و ڕاست له‌ ساڵڤه‌گه‌ری ١٠ ساڵه‌ی تێروركرانی ڕێبه‌ری ناوداری نه‌ته‌وه‌ی كورد و سكرتێری گشتیی ئه‌و كاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، شه‌هید دوكتور عەبدولڕه‌حمان قاسملوو، مۆته‌كه‌ی مه‌رگ یه‌كێك له‌ باشترین، هه‌ڵكه‌وتووترین و شازترین قوتابییەکانی قوتابخانه‌ی هزری قاسملووی لێ ئەستاندین. شه‌وی٢٤ى پووشپه‌ڕی ١٣٧٨ى هه‌تاوی، له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خوشخانه‌كانی شاری به‌غدا، كاك سه‌ید سه‌لام عه‌زیزی، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كی چاره‌نه‌هاتوو، ماڵئاوایی هه‌میشه‌یی له‌ ڕێبوارانی ڕێگا‌و ڕێبازی قوتابخانه‌ی هزری دوكتور قاسملوو و هاوڕێیان‌ و هاوسه‌نگه‌رانی كرد. كاك سه‌ید سه‌لام عه‌زیزی ساڵی ١٣٢٥ى هه‌تاوی له‌ گوندی "عه‌زیزكه‌ند" له‌ ناوچه‌ی بۆكان له‌ دایك بووه‌. تا پۆلی پێنجی سه‌ره‌تایی له‌ گوندی "دۆنگوز"ی بۆكان ده‌رسی خوێندووه‌. دوایی بۆ ماوه‌ی ٣ ساڵ له‌ لای ماموستایانی ئایینی درێژه‌ی به‌ خوێندن داوه‌. پاشان بۆ درێژه‌دانی خوێندن ڕووی كردۆته‌ مه‌دره‌سه‌ی"علومی دینی" له‌ شاری مه‌هاباد وهاوكات له‌ گه‌ڵ خوێندنی ده‌رسی ئایینی، هه‌ر له‌و شاره‌ دیپلۆمی وه‌رگرتووه‌. پاش دامه‌زران له‌ ئیداری په‌روه‌رده‌، وه‌ك مامۆستا له‌ یه‌كێك قوتابخانه‌كانی شاری ورمێ خه‌ریكی وانه‌وتنه‌وه‌ و پێگه‌یاندنی قوتابیانی كورد و تورك له‌و شاره‌ بووه‌. ساڵی١٣٥٠ى هه‌تاوی له‌ ڕشته‌ی حوقووقی زانستگای تاران وه‌رگیرا‌وه‌. پاش ته‌واوكردنی زانستگا له‌ دادگوسته‌ریی ورمێ بووه‌ به‌ قازی ‌و پاش ماوه‌یه‌ك، بوو به‌ سه‌رۆكی دادگوسته‌ریی شاری بۆكان. لایه‌نگر و پشتیوانی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌ ساڵی ١٣٥٧ى هه‌تاوی، به‌ دژی ڕێژیمی شاهه‌نشاهی بوو. هه‌روه‌ها خه‌ڵكی شاری بۆكانی هان ده‌دا كه‌ له‌ پێناو ئازاد و ڕزگاری یه‌كجاری به‌شداری خۆپیشاندانه‌كانی دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی حه‌مه‌ڕه‌زاشا بكه‌ن. كاك سه‌لام عه‌زیزی پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران، تا ساڵی ١٣٥٩ وه‌ك ئه‌ندامی ئاشكرای حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ شاری بۆكان و له‌ دادگوسته‌ری ئه‌و شاره‌ ئه‌رك و به‌رپرسایه‌تیی خۆی به‌رێوه‌ بردووه‌. به‌ڵام له‌ ساڵی ١٣٥٩ى هه‌تاوی له‌ سه‌ر داوای ڕێبه‌ری ناوداری گه‌له‌كه‌مان شه‌هید دوكتور قاسملووی نه‌مر له‌ دووتوێی نامه‌یه‌كدا به‌ ره‌سمی، هاته‌ نێو ڕیزی تێكۆشه‌رانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ‌و ته‌واو وه‌خت درێژه‌ی به‌كار و چالاكیی سیاسی له‌ ڕیزه‌كانی حیزبی دێموكرات ‏دا. كاك سه‌ید سه‌لام  كادرێكی ڕووناكبیر و تێكۆشه‌رێكی ماندوونه‌ناسی حیزبه‌كه‌مان بوو. له‌ ماوه‌ی خه‌بات و تێكۆشانیدا زۆر ئه‌ركی گرینگی گرته‌ ئه‌ستۆ و به‌ لێوه‌شاویی به‌رێوه‌ی بردن . كاك سه‌لام به‌ پشتبه‌ستن به‌ توانا‌و لێهاتوویی خۆی هه‌موو پله‌كانی به‌رپرسایه‌تیی حیزبی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك، وه‌ك ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی ئیجرایی كۆمیته‌ شارستانی بۆكان، ئه‌ندامی كۆمیسیونی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌رپرسی كۆمیته‌ی شارستانی سه‌رده‌شت، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ‌‌و ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی به‌ سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ بڕی. شه‌هید سه‌لام عه‌زیزی مرۆڤێكی به‌توانا‌و به‌ باوه‌ڕ‌و به‌ ئه‌خلاق ‌و له‌ مه‌یدانی خه‌باتی به‌ كرده‌وه‌دا مرۆڤێكی ڕاستگۆو درووستكار بوو. لایه‌نگری له‌ حه‌ق ‌و دادپه‌روه‌ری له‌ كۆمه‌ڵگادا ده‌كرد. له‌ كار‌و كرده‌وه‌ ‌و هه‌ڵویست گرتندا، مودیرێكی به‌توانا‌و مرۆڤێكی پڕكار بوو ‌و ماندوویی نه‌ده‌ناسی ‌و هه‌موو كات‌ و وه‌ختی خۆی بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌ حیزبییه‌كان ته‌رخان كردبوو. شۆڕشگێڕێكی به‌ ته‌واو مانا، سیمای دێموكراتێكی واقیعی له‌ رێبازی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ‌و كوڕی رۆژی ته‌نگانه‌‌و یاری وه‌فادار ‌و واقیعی له‌ ڕێبازی دوكتور قاسملووی ڕێبه‌ردا بوو. ئولگووی كرداریی ڕێبه‌ری كاك سه‌لام، مامۆستای دێموكراسی دوكتور قاسملوو بوو. پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی‌ و مه‌یل‌ و ئارەزووی خه‌ڵك داڕشت ‌و ڕێزی له‌ ویست ‌و داخوازییه‌كانی خه‌ڵك ‌و ئه‌ندامانی حیزبی دێموكرات ده‌گرت.‌ كادر‌و پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی خۆش ده‌ویست ‌و باوه‌ڕی قووڵی به‌ دێموكراسی ‌و مافی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌بوو‌. هه‌میشه‌‌ و له‌ هه‌ر ده‌رفه‌ت ‌و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دیفاعی له‌ ویسته‌ ڕه‌واكانی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌كرد. ئه‌و ڕێبه‌ره‌ شازه‌ی حیزبه‌كه‌مان، له‌ كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ نیونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا دیپلۆمات و سیمایه‌كی ناسراوی حیزبه‌كه‌مان بوو. هه‌روه‌ها شه‌هید كاك سه‌لام عه‌زیزی، لە سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ بوو كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد بۆی‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌ر هه‌لومه‌رجێكدا شێوه‌ی‌ خه‌باتی‌ خۆی‌ دیاری‌ بكا.

له‌ سه‌ر ناسینی‌ درووستی‌ هه‌لومه‌رج و ده‌رفه‌ته‌كان‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنیان‌ و له‌ په‌نا ئه‌وه‌ش ده‌ستنیشانكردنی‌ شێوه‌ی‌ خه‌باتی‌ گونجاو له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا پێداگری ده‌كرد، كه‌ له‌ چ هه‌لومه‌رجێكدا چ شێوه‌ خه‌باتێك شوێندانه‌رتر‌ و به‌رهه‌می‌ زیاتری‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد به‌ گشتیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. ئه‌خلاق و ڕه‌فتاری شۆڕشگێڕانه‌ی كاك سه‌لام له‌ كار و به‌رپرسایه‌تیدا سه‌رمه‌شقی هاوڕێكانی بوو. له‌ كاته‌ هه‌ستیاره‌كاندا پشت و په‌نای سیاسه‌ته‌كانی حیزب و به‌ تایبه‌ت پشتیوانی ڕاست و دروستی سیاسه‌ته‌كانی ڕێبه‌رانی شه‌هید دوكتور قاسملووی نه‌مر و كاك دوكتور سه‌عیدی ڕێبه‌ر بوو. كه‌سێكی به‌ هه‌ڵویست و سیمایەکی دێموكرات بوو. له‌ به‌رانبه‌ر كه‌سانی هه‌لپه‌رست، خاوه‌ن هه‌ڵویست بوو. كاك سه‌لام ڕوخسارێكی ناسراوی حیزب و بزووتنه‌وه‌ی میللی – دێموكراتیكی گه‌لی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو. لێهاتوویی، زیره‌كی ‌و خاكه‌ڕایی بوون، له‌خۆبردوویی، ڕۆك‌وێژی ‌و سداقه‌ت ‌و ڕاستگۆیی‌ و باوه‌ڕبه‌خۆبوون خاڵی به‌رچاوی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كاك سه‌لام عه‌زیزی بوون. یادی کەسک و ڕێگای پڕڕێبوار

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.