کوردستان میدیا

سێشەممه 22ی خەزەڵوەر 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە "زانکۆ کوردستان"ـی شاری سنە کۆنفرانسێکی زانستی بۆ شارەزایانی ئەدەبی کوردی بەڕێوە چوو

19:24 - 7 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: لە بەشی کوردی "زانکۆ کوردستان"ـی شاری سنە کۆنفرانسێکی زانستی لە ژێر ناوی "سەمپۆزیۆمی پەخشانی کوردی: ڕەوتی گەشە، تایبەتمەندی و کێشەکان" بۆ شارەزایان و مامۆستایانی ئەدەبی کوردی بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"؛ ڕۆژی پێنجشەممە ۳ی خەزەڵوەر و ڕۆژی هەینی ٤ی خەزەڵوەر کۆنفرانسێکی زانستی لە ژێر ناوی "سەمپۆزیۆمی پەخشانی کوردی: ڕەوتی گەشە، تایبەتمەندی و کێشەکان" بۆ نووسەران، شاعیران، لێکۆڵەران، شارەزایان و مامۆستایانی ئەدەبی کوردیی زانکۆ کوردستان و دەرەوەی زانکۆ، لە تەلاری "گۆران"ـی کۆلێژی زمان و وێژەی بەشی کوردی زانکۆ کوردستان لە شاری سنە، بە مەبەستی چارەسەری کێشەکان و گەشە کردنی ئەدەبی کوردی بەڕێوە چوو.

کۆنفرانسەکە لە نۆ پەنێلی جیاواز بە مەبەستی شیکردنەوەی هەندێ مژاری پەیوەندیدار بە جێگە و پێگەی پەخشانی ئێستای کوردی بەتایبەت بەشی کورمانجی ناوەراست، لە پێناو تاوتوێکردن و چارەسەر کردنی چەند پرسێکی گرنگ و کێشە پەیوەندیدارەکان بە خەسارە زەقەکانی پەخشانی کوردییەوە بۆ بیست و دوو (۲۲) مامۆستا و شارەزای ئەدەبی کوردی بەڕێوە چوو.

پەنێلەکانی ئەم کۆنفرانسە زانستییە لە پەخشان و ئەدەبی چیرۆک، وەرگێڕان، چاپەمەنییەکان و فێرکاری، ڕێبازناسی و دەقی ڕەخنەیی، تەکنۆلۆژی زانیاری، شێوازناسی و چەشنناسی، هزر و مەعریفە، بەرهەم‌هێنان وتاری زانستی، سەرهەڵدان و گەشە لە زارەکانی تردا، پێک هاتبوون.

ناوەرۆکی پەنێلەکانی ئەم کۆنفرانسە زانستییە لە لایەن زەکەریا بزدوودە، عەتا نەهایی، سەید قادر هیدایەتی، محەمەد ڕەمەزانی، ئەحمەد ئەحمەدیان، ڕەحیم لوقمانی، بێهرووز چەمەن ئارا، حامد کۆنەپۆشی، ڕەزا شەجیعی، محەمەدساڵح سووزەنی، جەعفەر قەهرەمانی، زانیار نەقشبەندی، محەمەد محەمەدئەمینی، عەلی پاکسرشت، سەباح جەباری، عەلی ئولفەتی، بەیان کەریمی، مەسعوود بینەندە، کاوان محەمەدپوور، یەدۆڵا پەشابادی، محەمەد ڕەحیمیان و بەختیار سەجادی، پێشکەش کران.