کوردستان میدیا

دووشەممه 28ی جۆزەردان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە لینشۆپینگی سوید ڕێز لە یادی شەهیدانی کوردستان گیرا

22:32 - 9 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: لە لینشۆپینگی سوید بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ڕێوڕەسمێك بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە، ڕێكەوتی ٨ی خاکەلێوە، کۆڕیکی ڕێزگرتن بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە لینشۆپینگی سوید بەڕێوەچوو.

سەرەتای کۆڕەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی پێشەوا قازی محەممەد و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

لە یەکەم بڕگەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان خوێندرایەوە؛ پاشان پەیامی کۆمیتەی لینشۆپینگی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرا. لە بەشیکی پەیامی کومیتەی حێزب لە لێنشۆپینگ ئاماژە بەو هەموو ستەم و زوڵمە کرابوو کە دەرحەق بە خەڵکی کوردستان لە لایەن دوژمنانی ئازادییەوە کراوە و دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامی کۆمیتەدا هاتبوو ڕۆڵه‌ ئازایخوازه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و ڕێبوارانی کۆمار و پێشه‌وا له‌ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد و جیهانیان نیشان دا که‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌م زه‌بر‌ و کاره‌ساتانه‌ به‌ چۆکدا نایه‌ت و سوورتر له‌ جاران درێژە بە خه‌باتی ئازادیخوازی خۆی دەدات.‌

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا بەرپرسی کۆمیتەی گشتی حیزب لە سوید، کاکەبرا ئەلیاسی بەو بۆنەوە وتەیەکی پێشکەش کرد و ئیشارەی بە سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان کرد، کە هەموو کات هەوڵیان داوە ڕێبەرانی نەتەوەکەمان بکەنە ئامانج؛ هەروەها ئاوڕێکی لە خەباتی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایەوە و پێویستی یەکگرتوویی و یەکڕیزی ماڵیی کوردی بۆ هەموو ئەگەر و پێشهاتەکانی داهاتووی ئێران بە زەروری زانی.

لە بەشیکی دیکەی ئەو یادەدا برایم شەم کوڕی شەهید مینەشەم وتەیەکی بەنرخی لە سەر بنەماڵەی شەهیدان و گەورەیی شەهیدان پێشکەش کرد. دوایین بڕگەی ئەو ڕێورەسمە تەرخان کرابوو بۆ دانی لەوحی ڕێزگرتن لە بنەماڵەی شەهیدان کە لەلایەن بەرپرسی کومیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوید ئەو لەوحەیە پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان کرا.

شایانی باسە لەو کۆڕیادەدا پێشانگایەکی وێنەی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان کرایەوە.