کوردستان میدیا

چوارشەممه 28ی خەرمانان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی سوئێد یادی ١٠ی خاکەلێوە بەرز ڕاگیرا

00:10 - 13 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: لە شاری ستۆکهۆڵم، پێەختی وڵاتی سوئێد یادی ١٠ی خاکەلێوەـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ بەرز ڕاگیرا.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە له ستۆکهۆڵم، لە مەڕاسمێکدا یادی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ بەرز ڕاگیرا.

لە مەڕاسمەکەدا هەریەک لە نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی، نوێنەری کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی لە وڵاتی سوید، فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە وڵاتی سوید، چەندین کەسایەتی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب تێیدا بەشدار بوون.

دەسپێکی مەڕاسیمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی ڕاگرتن بۆ گیانی سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەتایبەتی شەهید پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، دەستی پێکرد.

دواتر لە لایەن قادر مێهفەر بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکڕات ـ ستۆکهۆڵم، وێڕای بەخێرهێنانی میوانان و بەشدارانی ئەو مەڕاسمە، لە سەر گرینگی و پێویستی ڕێزگرتن لەیادی شەهیدان قسەی کرد و لە ٧١مین ساڵیادی شەهیدکرانی پێشەوا و هاوڕێیانیدا سڵاو و ئەمەگناسی بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان نارد.

ناوبراو لە کۆتایی وتەکانیدا بە ئاماژەدان بە تایبەتمەندییەکانی کۆماری میللی دێموکراتیکی کوردستان و ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەدی لە ڕێکخستنی هاوپشتی و هاوکاری نێوان کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا، وەک هێما و سیمبوولێکی پیرۆزی نەتەوەیی پێناسەی کرد کە تا ئێستاش ڕێباز و ئامانجەکەی هەوێنی یەکیەتی و تەباییە لە خەباتی ڕزگاریخوازی و سەربەخۆییخوازیدا لە هەموو پاڕچەکانی کوردستاندا.

میهفەر لەو ڕاستایەدا پێداگری کرد کە مافی خۆیەتی ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستانلەهەر چوار پارچەکەی کوردستاندا بناسرێت.

دوای ئەوە ڤیدیۆیەکی کورت لە وتە بەنرخەکانی ڕێبەری نەمری گەلەکەمان شەهید دوکتور قاسملوو سەبارەت بە ١٠ی خاکەلێوە و کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد پیشان درا.

لە بەشێکی دیکەی مەڕاسمەکەدا مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی ئەندامی ئیفتخاری ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکڕات وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد.

بەڕێز شیوەسەڵی شەهیدکرانی پێشەوا و هاوڕێیانی بە هەوڵێکی نەزۆکی ڕێژێمی پاشایەتی ئێرانی لە قەڵەمدا کە ویستیان بەو کارەیان کۆماری کوردستان و بیر و ڕۆحی نەتەوەیی کوردیی لەسێدارە بدەن. لەو ڕوانگەیەوە وەبیر دووژمنی هێناوە کە ئەوەی نەمر و زیندوو ماوەتەوە ڕێباز و یاد و ناوی پێشەوایە نەک سیاسەتی چەپەڵ و فاشیستی پاشایەتی.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە ڕەوشی ناهەموار و داسەپاوی ئێستای هەرچوار پارچەی کوردستان کرد و نیگەرانی خۆی لە کۆمەڵکوژکردن و داگیرکردنەوەی خاکی ڕزگارکراوی کوردستان و گێچەڵی وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا دەربڕی و سەرچاوەی سەرەکی هەموو ئەو ئاژاوانەشی بردەوە سەر ڕێژیمی مەلاکانی ئێران و تەنیا ڕێگای ئومێدی ڕزگاری لەو قۆناخەشیدا بەستەوە بە ئامۆژگارییەکانی پێشەوای نەمرمان کە دەڵێت: یەکڕیز و یەکگرتوو بن و بە تەبایی نیشتمانی خۆتان سەربخەن.

لە بڕگەیەکی دیکەی مەڕاسمەکەدا پەیامی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی لە وڵاتی سوید لە لایەن کاک ڕۆژوانـەوە خوێندرایەوە.

بەڕێزیان لە پەیامەکەیاندا بەناوی کۆمیتەی هاوکارییەوە سڵاوی گەرمیان پێشکەش کرد بە گیانی سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەتایبەت شەهید پێشەوا و شەهیدانی دیکەی حیزبی دێموکڕات.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیاندا وتیان کە هیوای سەرکەوتن بۆ خەباتەکەتان دەخوازین و هەروەها یادی شەهید پێشەوا بەرز ڕادەگرین و سڵاو دەنێرین بۆ خۆڕاگری و دلێری کوڕان و کچانی کورد، پێشمەرگەکانی کوردستان کە درێژەدەری ڕێگای پیرۆزی شەهیدانن دژ بە نەیارانی کورد.

بەشێکی دیکەی مەڕاسمەکە تەرخان کرابوو بۆ پەیامی بنەماڵەی شەهیدان کە لە لایەن عوسمان مەحموودی برای شەهید حەسەن مەحموودی خوێندرایەوە.

مەحمودی لە پەیامەکەیاندا ویڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان، بە بایەخەوە لە گیانفیدایی و لەخۆبردوویی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی نیشمان دوا و داوای کرد کە بۆ گەیشتن بە ئامانجی شەهیدەکان بە بڕوای پتەوترەوە درێژە بە تێکۆشان بدەین و وەک بنەماڵەی شەهیدانیش هەردەم پشتیوان و هاوکاری پێشمەرگە و حیزبە تێکۆشەرەکەمان دەبین.

لە مەڕاسمی ١٠خاکەلیوەدا چەندین برووسكەی هاوسۆزی لەلایەن چەند حیزبێكی سیاسییەوە سەبارەت بەو یادە گەیشتە دەستی بەڕێوەبەرانی مەڕاسیمەكە كە بریتی بوون لە:
ـ لێژنەی پارتی دێموكڕاتی كوردستان لە سوئێد عێراق
ـ پارتیا ئازادیا كوردستانێ ـ باكوور
ـ كۆمیتەی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان ـ سوئێد
پارتی سوسیالیستی كوردستان ـ باكوور.

دوابەدوای ئەوە هونەرمەند حامید محەممەدیان بە دەنگە بەسۆزەکەی سروودی ئەی شەهیدانـی وەک وەفایەک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان پێشکەش کرد.

دوایین بڕگەی مەڕاسمەکە پێکهاتبوو لە پێشانگایەکی وێنەیی، کە وێنەی زیاتر لە ٥٠٠ شەهیدی حیزبەکەمان و چەندان سەرکردەی شەهیدی نەتەوەکەمانی لەخۆ گرتبوو.

بەر لەوەی بەشداران بەناو پێشانگاکەدا بگەڕێن، لە لایەن بەرپرسی گشتیی کومیتەی حیزبی دێموکرات کاکەبرا ئەلیاسیـ یەوە سپاس و پێزانینی پێشکەش بە بەشدارانی ئەو مەڕاسمەکە کرد و نیشاندانی وەفا و دڵسۆزیانی بۆ ناو و یادی شەهیدانی نەتەوەکەمان بەرزنرخاند و هیوای خواست کە ئەو ڕۆژە بکرێتە هێمایەکی نەتەوەیی لە هەموو بەشەکانی کوردستان و بکرێتە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و یاد بکڕیتەوە.