کوردستان میدیا

شەممه 30ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میدیاکانی ڕووسیە باس لە مانۆڕێکی نیزامیی هاوبەش لەگەڵ ئێران دەکەن

17:22 - 12 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی ڕووسیی ئیزوستیا باسی لە ئەگەری بەڕێوەچوونی مانۆڕێکی نیزامیی هاوبەش لە نێوان ڕووسیە و ئێراندا کرد.

هەواڵدەریی تەسنیم نزیک لە سپای پاسداران، بەڕێوەچوونی مانۆڕی هاوبەش لەگەڵ ڕووسیەی پشتڕاست کردۆتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەو مانۆڕە لە چاوپێکەوتنی نێوان سێرگێئی شویگو وەزیری بەرگری ڕووسیە و سەرتیپ وەلی مەدەنی، فەرماندەی هێزەکانی ئێران، لە کێبڕکێی نیزامیی ڕووسیە هاتە بەر باس.

دەوڵەتی ڕووسیە لە ئێستادا میوانداری کێبڕکێ نێودەوڵەتییە نیزامییەکانە، کە ئەو کێبڕکێیانە لە ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژەوە دەستی پێکردووە، ١٢١ تیم لە ١٩ وڵاتی جیهان لەو کێبڕکێیەدا بەشداری دەکەن.

لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی‌دا، وڵاتی ڕووسیە لە بەڕێوەبردنی مانۆڕە نیزامییەکاندا چالاک بووە و وەزارەتی بەرگریی چینیش ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی دەیهەوێ لەگەڵ ڕووسیە مانۆڕێکی دەریایی هاوبەش لە مانگی سێپتامبردا لە زەریای باشووری چین بەڕێوە ببەن.

بڕیاری چین و ڕووسیە بۆ بەڕێوەبردنی مانۆڕێکی هاوبەش لەو ناوچەیە، لە دوای ئەوە دێت کە دادگای نێودەوڵەتیی لاهە، بە دەرکردنی بڕیارێک، بانگەشەکانی چین سەبارەت بە خاوەندارایەتی دورگەکان و زەریای باشووری ئەو وڵاتەی ڕەت کردەوە.

چین و ڕووسیە هاوکاریی نیزامیی و دیپلوماتیکی نزیکیان پێکەوە هەیە و ئەو دوو وڵاتە بە شێوەی ئاسایی مانۆڕی نیزامیی هاوبەش بەڕێوە دەبن.