کوردستان میدیا

سێشەممه 22ی خەزەڵوەر 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەلا قادر قادری جارێکی‌‌ تر پێشی لە بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی هەنار لە ناوچەی هەورامان گرت

17:22 - 6 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: مەلا قادر قادری پێشنوێژ و نوێنەری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە شاری پاوە بە هاوکاریی ناوندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لەو شارە، جارێکی تر پێشیان لە بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی هەنار لە ئاوایی "داریان" سەر بە ناوچەی هەورامان گرت. 

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا فستیڤاڵی ساڵانەی هەنار کە لە لایەن چالاکانی فەرهەنگی و خەڵکی ئاوایی "داریان" سەر بە ناوچەی هەورامان بۆ ڕۆژی هەینی ۱۱ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ۲ی نۆڤامبر ڕێکخرابوو، لەلایەن مەلا قادر قادری و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لەو شارە، هەڵوەشێندرایەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" لەمبارەوە ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی ئەو فستیڤاڵە و فستیڤاڵەکانی تری هەنار کە لە شوێنە جیاجیاکانی ناوچەی هەورامان بڕیار بوو بەڕێوە بچن، بە بڕیاری مەلا قادر قادری لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە هەڵوەشاوەتەوە. هەروەها مەلا قادر وتوویەتی: "ئەو ڕێوڕەسمانە دوورن لە یاسای ئایین و شەریعەتی ئیسلام بۆیە بە پێویست نازانرێت کە بەڕێوە بچن."

مەلا قادر لە درێژەی چەواشەکارییەکانی خۆیدا وتوویشیەتی: "ئەگەر ڕێوڕەسمی شەکرانەی هەنار بۆ شوکرگوزاری بەڕێوە بچێت، پێویست بە بەشداری ژنانی نیوە ڕووت و شایی ڕەشبەڵەک ناکات."

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شاری پاوە لەمبارەیە ڕایگەیاند، قسەکانی مەلا قادر قادری لە سەرەوەتری خۆی پێی وتراوە کە باسیان بکات و هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێوڕەسمانەش لە سەرەوەتر بڕیاری پێ دراوە و ئەو تەنیا جێبەجێیان دەکات.

جێگای ئاماژەیە کە ئەمە چەندەمین جارە مەلا قادر قادری بە هاوکاریی ناوەندە ئەمنیەنییەکانی ڕێژیم بەتایبەت هێزە سەرکوتکەرەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران، پێش لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە کوردییەکان لە ناوچەی هەورامان دەگرن.