کوردستان میدیا

دووشەممه 28ی جۆزەردان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: ڕێککەوتنی ناوکیی دەبێ هەڵوەشێتەوە

15:11 - 8 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نێتانیاهوو بەردەوام باس لەوە دەکات، کە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵوەشێتەوە و پێداگری لە سەر ئەو بابەتە دەکات.

هەواڵدەریی ڕووسیە ئەلیوم لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە ڕۆژی یەکشەممە نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە قسەکانی خۆیدا لە دانیشتنێکدا لەگەڵ کابینەی خۆیدا باسی لەوە کرد، ئیسرائیل لەگەڵ ڕێککەوتنی ناوکیی دژایەتی هەیە.

ناوبراو لەو دانیشتنەدا وتوویەتی: ڕێککەوتنی ناوکیی دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکیی بگات.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، ڕێژیمی ئێران پشتیوانی تێرۆریزمە و ئەو ڕێژیمە درێژە به بەرنامەی مووشەکی خۆی دەدات.

چەند ڕۆژ پێشتر بەشێک لە سێناتۆرە ئامریکاییەکان لە نامەیەکدا ڕوو لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی داوایان کرد، کە دامەزراوە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران بپشکێنن.

وڵاتی ئامریکا نیگەرانی پرسی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانە، بۆیە گوشارەکانی بۆ سەر ئەو رێژیمە زیاد کردووە، هەتا نەتوانێت دەستی بە چەکی ناوکیی بگات.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ناوچەکە نیگەرانیی خۆیان لە پرسی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە و باس لەوە دەکەن، کە لە ئەگەری دەست پێڕاگەیشتنی سپای تێرۆریستی پاسداران بە چەکی ناوکیی دەتوانێ هەڕەشەی زیاتر لە جیهان بکات و کردەوە تێرۆرستییەکانی پەرە پێ بدات و مەترسی زیاتر بۆ سەر تەواوی جیهان ساز بکات.