کوردستان میدیا

شەممه 30ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆزی خاکیپۆشانی ڕۆژهەڵات، پارێزەری ناسنامەی نیشتمان

22:41 - 6 خاکەلێوه 2718

شەریف فەلاح

ئەوا ئەمساڵیش لە وەرزی نوێبوونەوەی سروشت و گیا و گوڵ، لە دەمدەمی داگەڕانی خوێن بە دەماری هەناسەی نیشتماندا، سەراپای ڕۆژهەڵاتی هەردەم پێشەنگ بە پێشوازییەکی بێوێنەوە لە بەهار و نەورۆزی نەتەوەیی، جارێکی دی حەماسەی هەرمانیان تۆمار کرد. ئەمساڵیش سەرجەم چین و توێژی نیشتمانی گوڵ و جوانی، سەراپای ڕۆڵە چاوکراوە و ناسنامەپارێزانی وەتەن، ئەمساڵیش خاکیپۆشانی جامانە لەمل و هەوریپۆشی گوڵبەدەست، بە هەڵکردنی ئاگری دێرینی نەورۆزی کوردان لەسەر چیا و پێدەشت و داوێنی شاخی و لە گوند و باژێری ڕۆژهەڵات، پەیامی زیندوویی و ڕابوون و ڕاسانی هەردەم خرۆشانی ڕۆژهەڵاتیان بە گوێی دنیادا چرپاند. گرنگیی نەورۆزی ئەمساڵ لەوەدا بوو، لە حاڵێکدا لە هەموو لایەکەوە دوژمنانی ئازادی و بەها مرۆیییەکان کەڵبەیان ناوەتە گەردنی نیشتمانی کوردان و پیلانی قڕکردن و بێدەنگی و سڕکردنی شۆڕشیان گرتووتەوە بەر، بەڵام ڕۆژهەڵاتی هەردەم لە مەیدان، ڕۆژهەڵاتی مەڵبەندی هیوا و ورە، ڕۆژهەڵاتی کانگای خەبات، ڕۆژهەڵاتی دوژمنتارێن کە پەیمانی داوە بە پێوە بمرێت و نەچەمێ، لە هەمبەر ترس و تۆقان و گەفی داگیرکەری دڵپڕ لە قیندا کۆڵی نەدا و دڕی بە شەوەزنگی تاریکپەرستاندا دا و وەک هەموو کات هەستایە پێ و نەورۆزی خاکیپۆشان و پێکەوەبوونی لەوپەڕی ڕازوەیی، زیندوویی و لە پێناو پاراستنی کەرامەتی کوردبووندا بە شکۆوە پیرۆزی کرد و پەیامی ڕاسان و ڕاسانییەکانی لە نێو دڵی نیشتمانی ئاگر و کڵپە و بڵێسەدا تێکەڵ بە ناسنامەی کوردبوون کرد.

نەورۆز و بەهار کە هێمای هەستانەوە و جمشتی نوێ و جووڵەی مانادارن، کاتێک لە دۆخی شەوەزەنگ و زەمەنی قاقڕدا لە شاخی بەهەیبەتی دایکەوە، کاتێک لە چیای نەسرەوتووی پڕ گڕکانەوە، کاتێک لە نێو ڕۆڵە خاکیپۆشە گیانلەسەردەستەکانی ڕۆژهەڵاتەوە ببێتە وانەی هەرمان، ئیدی شاریش دەبێتە جەمسەری لێکئاڵانی ئەم پەیامە و خوێنی نوێبوونەوە بە دەمارەکانیدا دەگەڕێت.

ڕاسانیش وەک شاپەیڤی چەقی ئەم قۆناغە گرنگەی ڕۆژهەڵات، کاتێک لەگەڵ نەورۆز و بەهاردا یەکیان گرت، بوونە سەرچاوە و ئاخێزگەی شۆڕشی شار و گوند و کیژ و کاڵی دەم بە خەندەی نیشتمانی خۆریش، بە گوتنەوەی وانەکانی ڕاسان و بە لەبەرکردنی جلوبەرگی ڕەنگاڵەی خۆماڵی و لەمل ئاڵانی جامانەی هەرمان و هەوریی هێمای ژیان و بە هەڵگرتنی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لەسەر چیا سەرکەشەکانی نیشتمان و لە گۆڕەپانی شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵات، جارێکی دیکە نایان بە دەسەڵاتی داگیرکەری تاران گوت و لەرزەیان خستە دڵی تاریکەپەرستانەوە.

نەورۆزی ئەمساڵ کە لە قووڵایی پەیامی ڕۆڵەکانی ڕاسانەوە سەرچاوەی گرتبوو، چەندین واتا و مانای پێ بوو، گرینگترینیان پێکەوەبوون، کۆڵنەدان و باوەڕەمەندبوون بە ڕزگاریی و پێداگری لەسەر داوا و مافە نەتەوەیی‌یەکان بوون، کە سەرجەم ئەم وانە و پەیامانە لە چالاکی و بۆنە و ڕێوڕەسمەکانی شار و گوندەکاندا بە جوانی ڕەنگیان دایەوە، کە گرینگتر لە گشت ئەوە بوو نەورۆزیان کردە ڕێڕەوێک بۆ جۆشدانی خەبات و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کوردستان.

ئەمساڵیش شانبەشانی چیانشینەکان و ڕۆڵەکانی قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی، لە داوێنی سیپان و داڵانپەڕەوە، نەوە و وڵاتپارێزانی دەڤەری ورمێی بەهەیبەت، قارەمانەکانی سەڵماس و خۆی و ماکۆ، مەشخەڵ بەدەستانی سۆما و نیشتمانپەروەرانی تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ، دۆ لە دەستێ شنۆی دێرین، مەڵبەندی حەماسەی قەرەسەقەل، باڵای نیشتمانیان بە گوڵ و جامانە و هەوری خەمڵاند.

لە نەورۆز و سەرەتا بەهاری بژوێن و وەرزی ڕابووندا، قەندیل‌نشینانی پیرانشار، شاری شەهیدان، لە پێدەشتی لاجانەوە، هەتا تەرەغەی شاری برایەتی و پێکەوەبوون کوڕانی کاکۆڵ بەسەری سوڵتان یاقووب، هاوشانی موکریانی مەڵبەندی ڕاچەنین و پێتەخەتی کۆمار، مەشخەڵی نەورۆزیان لە لووتکەی تەرەغەی سەربەرزەوە دایە دەستی قەلە بەرد و پیرانی دڵپڕ لە ئەوینی مەهابادی دایک چۆپیی شاییان دایە دایکانی وەتەن لە سەردەشت و بۆکانیش بوو بە بووکی ڕازاوەی گەڕی شایی نەورۆزی ڕەشبەڵەکی خوای کوردان.

ئەوا دیسان سەردەشتی سەرسەوز و ڕەبەت و ئالانی ئاڵابەدەست و سۆرانیپۆش بەرەو بانەی ئەربابا و کەلیخانی دێرین و نەکەرۆز داگەڕاون، لەو لاشەوە گوڵبەدەستانی دەڤەری گەورک و کیژ و کوڕانی داوێنی ماینبڵاخ و هەوشار و سەقزی هەمیشە لە مەیدان، چیرۆکی شۆڕش و هەرمانیان بۆ نەوەکانی دواڕۆژ وتەوە.

بەهارە و نەورۆز، چیا چۆپیکێشە، گوڵ لێو بەخەندە و چنار قەف قەف باڵا دەکات، هەڵاڵە و بەیبوون، بۆن و بەرامەی ئێخەی کراسی تەسکی سروشتیان خەمڵاندووە، کوردستان لێوڕێژە لە ئەوین، ئەوین چۆلەکەی سرکی بن گوێسوانەی دوو دڵداری مەجنوونن. ئاسکی بسک ئاڵۆزی لاپاڵی شاخان شەمزاوە، هەواری خاکەلێوە گوڵستانێکی ڕەنگاڵەیە، نیشتمانم لێوانلێوە لە چریکەی بولبول و قاسپەی کەو و حیلەی ئەسپ. کانی و زنە و قەڵبەز و تاڤگە، نوتەی مۆسیقای گۆڤەندی نەورۆزی ڕاسانن.

لەم وارە ڕەنگینەدا، شەنگەسوارێک لە دیواندەرەوە دڵی سروشت دەکۆڵێ و لە ساراڵەوە پەیامی ئێڵی گوڵە گەڵواخیــی پێیە بۆ دوازدە سوارە، هەڵدەکشێ بۆ مەریوانی مەڵبەندی پێشەنگی حەماسە و بوێری، لە زرێبار دەپەڕێتەوە، لە داوێنی میراجیــدا لەنگەر دەگرێت، شاییە، چۆپییە سەمایە، گڕکانی دڵی ڕۆڵەکانی نێ، کوورەی ئاگری نەورۆزیان دایساندووە.

هەرچەند داگیرکەری دڵپڕ لە قین، تاریکپەرستانی لەمپەری ژین، شەمشەمەکوێرەکانی جەماراننشین، بە هۆڤانە و ترس و تۆقاندن، هەوڵی کپکردنی کڵپەی ئاگری نەورۆز دەدەن و بەتەمان هاواری ڕاسان و چریکەی نەورۆز نەگاتە مەکتەبی شۆڕشی ڕەوای ئەم گەلە، بەڵام ورە و خۆڕاگریی ڕۆڵەکانی نێ و سام و هەیبەتی ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان لەرزە دەخاتە دڵی ڕەشی دوژمن و دیسان مەشخەڵی نەورۆز و پەیامی ناسنامەی ڕاسان بە نەمری مانەوە و گەیشتنە گوێی جەماوەری هەورامانی مەڵبەندی ئەهوورا.

شۆڕەسوارانی، نۆدشەی سەرتۆپی ژین و سروشت، هاوڕێ لەگەڵ ئەویندارانی ئاوایی دەل و چۆڕ و نەنێ لەگەڵ نەوەکانی بێسارانی و مەولەوی شێعری شەرابی ژینی نەورۆزیان لە دەفتەری پایگەلان و پاڵنگان نووسیویە.

لەو سەرەوە کیژ و کوڕانی گەڕووس و بیجاڕ، پیر و کاڵی لەیلاخ و قوروە و دێولان، لە سنەی خوێناوی و لە داوێنی ئاویەری سەرکەشەوە بە هەڵکردنی ئاڵای شۆڕش و بە داگیرسانی مەشخەڵی نەورۆزی کوردەواری، وانەکانی کاکۆیان گەیاندە ژاوەرۆی هەردەم لە خەبات. لە نییەرەوە، لە هەرێمی کاکێشان شەهیدەوە، لە سەنگەری لەگیراننەهاتووی دێمۆکراتەوە، جارێکی دی کڵپەی ئاگری پڕ بڵێسەی نەورۆز مەیدانی خەباتی ڕووناک کردەوە، لە تەنگیسەرەوە، لە دەڤەری سێکوچکەی ژاوەرۆ واتە (نییەر، تەنگیسەر و تەوریوەرە)وە دیسان دیلانی نەورۆز و سەمای هەوری و جامانە و مەشخەڵانی پڕبڵێسەی نەورۆز پەیامی مەنەوە و کۆڵنەدانیان بە گوێی دنیادا چپاند.

شاهۆی سەرتەم هەستایە پێ، قەف قەفی جامەنەکەی لە باڵای نەوسوود و پاوەی پێشەنگ و خۆڕاگر ئاڵاند، کامێرانی خۆڕاگر، ڕۆڵە بەئەمەگەکانی ئەڵک و ماراو و تەنگیوەر و مووژژ و گاوەرۆ، لە وەرزی بووژانەوەی سروشت و ڕەنگاڵەی نیشتمانا، بوونە چۆپیکێشی زەماوەندی ئەم نەورۆزە و ئاسمانی ڕوانسەر و باینگان و جوانڕۆ و سەلاس و ئەزگلەیان پڕ کرد لە گۆرانیی ئەوینی ژیانەوە.

سونقوڕ و کولیایی باڵایان کرد، سەحنە و کەنگاوەر پووزەوانەی چیایان چنی، کرماشان چۆخەی شینی زەماوەندی سەرکەوتنی لەبەر کرد و پەڕاو فرمێسکی سەرپێڵ و دەشتی زەهاوی سڕی و گوڵوەنی و دەسماڵ و هەوریی لەملی قەسری زامدار ئاڵاند و گوڵی سووری بەهار و ئومێد و ژیانەوە کردە دیاریی زەماوەندی دویتیل کولهوڕ.

شائاباد بە عەشقی بێستوونی شیرینەوە، لە بەهاری ڕاسانی فەرهاددا پەیام و زەنگی کاروانی ڕۆژهەڵاتی دلپڕ لە ئەوینی گەیاندە ئیلامی دێرین و لە گۆڤەندی نەورۆزدا وتی:
ڕۆژ لە ئاسۆی سوور شەوق ئەداتەوە
دەڵێ ئەمساڵیش نەورۆز هاتەوە
دوتەیل کەلهوڕ، کوڕەیل دلێر
هەڵسن هیزگرن چوو پڵەنگ و شێر
بووشنە لوڕستان ئایر کاتەوە
ماتەم و خەمان لەبیر باتەوە
هێمان نەورۆزە و وەرزی ڕاسانە
کاتی پۆشینی هەوری و جامانە
لە ماڵ باینە دەشت ئایر کەنەوە
خەمی چەند ساڵە لەبیر بەرنەوە

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.