کوردستان میدیا

دووشەممه 1ی گەلاوێژ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندێكی ناوداری بریتانیایی ئاوازدانەری بۆ فیلمە نوێیەكەی بەهمەن قوبادی دەكات

16:03 - 4 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: موزیكزانی ناوداری بەریتانی پیتێر گابریێل ئاوازدانەری بۆ كورتە فیلمە نوێیەكەی سینەماكاری كورد بەهمەن قوبادی دەكات.
ماڵپەڕی سینەمایی هۆلیڤوود رێپۆرتەر بڵاوی كردەوە، موزیكزانی ناوداری بەریتانی پیتێر گابریێل Peter Gabriel كە ئاوازدانەری بۆ موزیكی فیلمی سینەمایی دوایین وەسوەسەی مەسیح The Last Temptation of Christ لە دەرهێنانی سینەماكاری بەئەزموونی جیهان مارتین سكۆرسیزی ئەنجامداوە، لەنوێترین پڕۆژەی خۆیدا ئاوازدانەری بۆ كورتە فیلمە نوێیەكەی سینەماكاری ناوداری كورد بەهمەن قوبادی دەكات.
پیتێر گابریێل دەستی بە ئاوازدانەری كۆمەڵە فیلمی وتەی خوداكان Words of Gods كردووە كە ٩ كورتە فیلم لە بەرهەمهێنانی ئالێكس گارسیاAlex Garcia و گیلێرمۆ ئاریێگا‌ی Guillermo Arriaga لە خۆگرتووە.
ئەم كۆمەڵە فیلمە لە نۆ بەشی جۆراوجۆر پێكهاتووە كە سینەماكاری بەئەزموونی كورد بەهمەن قوبادی دەرهێنەری فیلمی سینەمایی كیسەڵەكانیش دەتوانن بفرن و فیلمی سینەمایی كەس ئاگاداری پشیلە ئێرانییەكان نییە، سینەماكاری ناوداری سیربی ئەمیر كۆستاریكا دەرهێنەری فیلمی سینەمایی ژێرزەوی، فیلمسازی ژاپۆنی هایدۆ ناكاتا دەرهێنەری فیلمی سینەمایی ئاوی لێڵ و هەروەها گیلێرمۆ ئاریێگا دەرهێنەری فیلمی سینەمایی دەشتی برژاو هەر كام لەسەر دینێك كورتە فیلمێكیان سازكردووە.