کوردستان میدیا

سێشەممه 22ی خەزەڵوەر 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"هەنار" ئەمنیەتی ڕێژیمی وەلەرزە خستووە!

19:22 - 7 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: فستیڤاڵی ساڵانەی "هەنار"ی هەورامان بووەتە هۆی ترسی ڕێژیم و وەک پرسێکی ئەمنیەتی چاوی لێدەکەن کە ئەمنیەتی ڕێژیمەکەیانی خستووەتە لەرزە.

پاش ئەوەیکە مەلا قادر قادری نوێنەری ڕێژیم لە پاوە، بە هاوکاری ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی ئەم شارە ڕێگرییان کرد لە بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی هەنار، پاسدار حسەین ڕەجەبی فەرماندەی سپای پارێزگای سنەش هاتە گۆ و بەڕێوەچوونی ئەم فستیڤاڵەی وەک پرسێکی ئەمنیەتی ڕێگەپێنەدراو وەسف کرد.

ماڵپەڕی تابناک لە زاری حسەین ڕەجەبییەوە بڵاوی کردەوە هەوڵدان بۆ "سەرقاڵ کردنی" خەڵک بە کاری بێهۆی وەک فستیڤاڵی هەنار گوماناوی و جێگەی شکە! و دەبێ رێگری لێ بکرێت؛ پاشانیش وەک پیداهەڵکووتن بە مۆرەی بەدناوی ڕێژیم لە ناوچە دەسخۆشی لە مەلا قادر قادری دەکات و دەڵێ: ناوبراو کەسێکی ئەرکناسە کە لە هەر شوێنێک بەپێویستی بزانێ ڕێگری لە بەلاڕێداچوونی دین دەکات!

لە قسەکانیدا و وەک چەواشەکارییەک بۆ هەڵوێستە نەشیاوەکەشی دەڵێ: لەباتی ئەوەیکە خەڵک بەو کارانەوە سەرقاڵ بکرێت کە هیچ داهاتێکی بۆیان تێدا نییە ئەبێ بیر لە دانانی کارخانەی "داهاتزا" بکرێتەوە وەک بڵێی بووژاندنەوەی کەرتی ئابووریی لە کوردستان ئەرکی ئەوان و ڕێژیمەکەیان نییە و خەڵک دەبێ بیکات یان ئەو کەشە ئەمنیەتییە کە زاڵ کراوە بەسەر کوردستاندا کە ئیزن بە وەگەڕخستنی سەرمایە لە کوردستان نادات لە ڕێگەی بێگانە و وڵاتانی دیکەوە کراوە؟!

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەبێتە کارناسی فەرهەنگی و دەڵێ: ئەمجۆرە فستیڤاڵانە نەتەنیا کاری فەرهەنگی نین بەڵکوو لەگەڵ "عورفی" کۆمەڵگاش دژایەتییان هەیە، کە ئەمەش تەنیا چەواشەکارییەکی دیکەی ئەم پاسدارەیە دەنا کێ هەیە کە نەزانێ هەنار لە کلتووری کەونارای کوردان جێگەیەکی تایبەتی هەبووە و هیچ دژایەتییەکیشی لەگەڵ عورفی کۆمەڵگای کوردستان نییە و بەپێچەوانەشەوە ڕێگەپێدراوە و وەک میوەیەکی پیرۆز سەیر کراوە.

هەروەها داوا لە کەسانی گوێ‌لەمستی ڕێژیمەکەیان دەکات کە دژایەتی خۆیان لەگەڵ ئەمجۆرە کارە فەرهەنگییانە دەرببڕن و ڕێگری لە بەڕێوەچوونیان بکەن و دەڵێ: مەهێڵن گاڵتە بە تێگەیشتن و عەقڵی خەڵکی کورد بکرێت! وەک بڵێی خۆی و ڕێژیمەکەی زۆر رێز لە گەلی کورد دەگرن.

فستیڤاڵی ساڵانەی هەنار ماوەی چەند ساڵێکە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەشێک لە باشوری کوردستان بەشێوەی خۆڕسک لە کاتی هاتنی وەرزی پاییز و مانگی خەزەڵوەردا کە هەنار پێدەگات، بەڕێوە دەچێت و تێیدا وێڕای ئەنجامدانی هەندێک چالاکی فەرهەنگی، باخداران شوکرانەبژێری بۆ بەرهەم و بەروبوومی ئەو ساڵەیان دەکەن.