کوردستان میدیا

دووشەممه 1ی گەلاوێژ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی گەرمكردنی تەنووری هەڵبژاردن، بوو بە نمایشی كۆمیدی

23:00 - 27 خاکەلێوه 2717

كوردستان میدیا: شانۆی هەڵبژاردنی ڕێژیمی ئێران هەر لە سەرەتاوە بۆتە سیركێك كە كۆمەڵێك ئەكتەری سەیروسەمەرە ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. هێندێك لە مۆرە ناسراوەكانی ڕێژیمیش وێڕای دەربڕینی تووڕەیی لەو نمایشە، بە مایەی گاڵتەجاڕی و ئابِرووچوون بۆ ڕێژیمی لە قەڵەم دەدەن.

هەواڵدەریی حكوومەتيی ئیلنا لە سەر زاری عەلی ئەسغەر ئەحمەدی، سەرۆكی نووسینگەی هەڵبژاردنەكانی ڕێژیمەوە ڕایگەیاند ١٣٦١ كەس بۆ بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا ناوی خۆیان تۆمار كردووە. هێندێك لەو كەسانە بە دەربڕین و قەڵافەت و سیمای جیاوازەوە چوونە وەزارەتی ناوخۆی ڕێژیم و لە بەردەم كامێراكاندا دەیانگوت هەر بۆ پێكەنین هاتوون، یان لە بەر بێكاری و بۆ دۆزینەوەی كار هاتوونەتە ئەو شوێنە.

لەو پێوەندییەدا ئاخوند مەكارم شیرازی كە نەیتوانی تووڕەیی خۆی بشارێتەوە ڕایگەیاند: هێندێك كەس ئاگایانە بۆ گاڵتەكردن بە هەڵبژاردنی سەركۆماری و زەبروەشاندن لە نیزام بە بێ ئەوەی كە هیچ شیاوییەكیان تێدا بێت، بۆ تۆماركردنی ناوی خۆیان هاتوون و تەنانەت بە ڕيز ڕادەوەستن بۆ ناونووسین.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: هێندێك لە بەرپرسان ئەمە بە مایەی گەرمكردنی بازاڕی هەڵبژاردن دەزانن، لە حاڵێكدا كە ئەوە مایەی ئابڕووچوونە و دەمانكاتە مایەی گاڵتەجاڕی لە جیهاندا.

موحسین ڕەزایی، دەبیری كۆڕی تەشخیسی مەسڵەحەتی ڕیژیمیش كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند جار كاندیدای سەركۆماری بووە، لە نووسینێكدا ڕەخنەی توندی لە هاتنی كۆمەڵێك كەس بۆ نووسینگەی هەڵبژاردنەكانی وەزارەتی ناوخۆ گرتووە كە بە نەخۆشی دەروونی ناوی بردوون و ئەو ڕەوتەی بە سووكایەتی بە خەڵك و گاڵتەكردن بە بەناو دێموكراسییەكەی ڕێژیم لە قەڵەم داوە.

لەو پێوەندییەدا یەكەم كەسێك كە بۆ ناونووسین سەردانی وەزارەتی ناوخۆی ڕێژیمی كرد، پیاوێك بوو كە كفنی سپیی لە سەرتاپێی خۆی ئاڵاندبوو. دوابەدوای ئەویش نیگابانێكی كارگەی كاشیی مەیبۆدی یەزد ناوی خۆی تۆمار كرد. ئەو كرێكارە دەڵێ دەمهەوێ لەگەڵ دۆناڵد ترامپ كێبڕكێی مەلەوانی بكەم.

لە ڕۆژی سێهەمیشدا پیاوێك لەگەڵ كچە سێ ساڵانەكەی سەردانی وەزارەتی ناوخۆی كرد تاكوو ناوی كچەكەشی بنووسێت، بەڵام داخوازی ناونووسكردنی ئەو كچە بەهۆی كەمبوونی تەمەنی ڕەت كرایەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حكوومەتيی تەسنیم، ئەو باوكە بە هەواڵنێرانی وت: ئامانجی من لە ناونووسكردنی كچە سێ ساڵانەكەم، دەستپێكردنی چالاكییە سیاسیەكانی ئەو بوو.

یەكێكی دیكە لە ئەكتەرە سەرنجڕاكێشەكانی ئەم شانۆیە، ئاخوندێكی شپرز بوو كە دەڵێ دەیهەوێ كشتوكاڵ و چاندنی خەشخاش لە ئێراندا بكاتە یاسایی، چوونكە تریاك لەگەڵ بنەما فیقهی و ئیدئۆلۆژیكەكانی نێو یاسای بنەڕەتیی ڕێژیم ناتەبا نیە و دەبێ ئازاد بكرێت.

هاوكات، ڕاگەیەنەكانی ڕێژیم لەم نمایشەشدا وازیان لە سووكایەتی بە فەرهەنگ و هێماكانی شوناسی نەتەوەكانیش نەهێنا و وێڕای گاڵتەكردن بە جلوبەرگی لوڕیی كاندیدایەكی چواردە ساڵە، نووسیان تەنانەت موراد بەیگیش بۆ سەركۆماری ناوی خۆی نووسی. شایانی باسە موراد بەیگ ناوی چەتەیەكی یاخی لە یەكێك لە دراما بەناوبانگە ئێرانییەكاندایە.

یەكێك لە كاندیداكانی سەركۆماریی ڕێژیم بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات و ڕایگەیاندووە لە لایەن خوداوە ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی ببێتە سەركۆمار و خەڵك ڕزگار بكات.

كاندیدایەكی لاو دەڵێ ناچار بووە دە هەزار تمەن بە قەرز وەربگرێت بۆ ئەوەی كە بێتە وەزارەتی ناوخۆ و ناوی خۆی بنووسێت. ئەو دەڵی ئەگەر بچمە نەتەوە یەكگرتووەكان، هەر كەسێك سووكایەتی بە ئێران بكات و پێی لە گڵێمی زیاتر ڕابكێشێت، لووتی دەشكێنم.

پاڵێوراوێكی كراواتی دەڵێ: كراوات بەستنی من هۆكارێكی قورئانیی هەیە، چوونكە قورئان داوا لە خەڵك دەكا جوان و ڕازاوە بن.

ژنێكی دیزاینەری جلوبەرگیش كە وادیارە نازانێ ژنان مافی خۆپاڵاوتنیان لەو نمایشەدا نیە دەڵێ بەهۆی ئەوەی كە دیزاینەری جلوبەرگم، ناسراو و خۆشەویستیشم و لە سەر دەنگی ژنان حیساب دەكەم.

ئەكتەرێكی سینەماش پاش تۆماركردنی ناوی خۆی ڕایگەیاند: ٥ـ٦ ساڵە بێكارم. پێم خۆش بوو هەر جووڵەیەك بكەم با بێكار نەبم.

كەسێكی دیكە كە خوێندەواریی تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی هەیە، ڕایگەیاندووە: ئەگەر ببمە سەركۆمار، بە هەر بێكارێك ١٥ میلیۆن تمەن دەدەم.
پاڵێوراوێكی دیكە دەڵێ سێسەد هەزار تمەن دەداتە هەر ئێرانییەك و شاری برووجردیش دەكاتە پایتەختی ئیداری و سیاسیی ئێران.

لەم نێوانەدا هێندێك كەسیش بە جلوبەرگی كوردی چوونە وەزارەتی ناوخۆی ڕێژیم بۆ ئەوەی كە لەو شانۆیەدا وە دوا نەكەون. لە نێو ئەوانەدا كەسانێك هەن كە لە بنەڕەتدا بەهۆی ئەوەی كە سەر بە ئایینزای سوننەن، مافی ئەوەیان نیە وەكوو پاڵێوراو بەشداری لە هەڵبژاردندا بكەن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بۆ گەرمكردنی بازاڕی پڕۆپاگاندای بەناو هەڵبژاردن یان بە بۆچوونی هێندێك لە بەرپرسانی ڕێژیم، بۆ گاڵتەكردن بە نیزام بەشدارییان لەو ڕەوتەدا كرد.