کوردستان میدیا

دووشەممه 31ی بانەمەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشە و گوڕەشەکانی رێژیم لە بەرەبەری نەورۆزدا

14:53 - 21 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ خۆئامادەکردنی خەڵکی کوردستان لەمەڕ هەرچی باشتر بەڕێوەبردنی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز، ڕێژیم گوشارەکانی خۆی بۆسەر خەڵک زیاد کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیمی تاران بەهۆی ترسی لە بەڕێوەچوونی پڕشکۆی جێژنی نەورۆز لە شارەکانی کوردستان، هەر لە ئێستاوە دەستی کردووە بە هەڕەشەکردن لە چالاکانی نێوخۆ، بەو هیوایە کە پێش بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان بگرێت.

هەر لەمبارەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ چەندەمین جار ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، شۆرا و دێهیاری گوندەکانی نەنە، نێ و باڵکی بانگهێشت کردووە و داوای کردووە، خۆیان لە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز ببوێرن.

لەگەڵ نزیک بوونەوەی ڕێوڕەسمی نەورۆز ئیدارەی ئیتلاعات لە کوردستان، بە دەسبەسەرکردن، بانگهێشت و هەڕەشە کردن لە هاووڵاتییانی کورد، هەوڵ دەدات پێش بە بەڕێوەچوونی ئەو جێژنە نەتەوەییە بگرێت.

ساڵی ڕابردوو چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان، کەمپەینێکیان لەژێر ناوی نەورۆزی جامانەکان رێکخست، کە لەگەڵ پێشوازییەکی بەرچاوی خەڵك بەرەوڕوو بوویەوە و ڕێژیمی تووشی دۆشداماوی کرد.

ئەمساڵیش لە بەرەبەری هاتنی نەورۆزی ٢٧١٨ی کوردی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بانگەوازێکیان لەژێر ناوی نەورۆز هێمای ژیانەوەو پێکەوە بوون بڵاو کردەوە کە تێیدا داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە، یەک دەنگ و یەک هەڵوێست، بەرەو پیری نەورۆز و سەری ساڵی نوێ بچن و بە لەبەرکردنی جلی کوردی و لە مل کردنی جامانە و لەسەرکردنی هەوری و هەڵگرتنی گووڵی سوور بەرەوپیری ساڵی نوێ بچن و لەگەڵ ژیانەوەی سروشت، ژیانەوەی نەورۆزی جامانەکان بۆ نیشتمان بکرێ بە دیاری.