کوردستان میدیا

شەممه 30ی خەرمانان 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاسدارەکانی ڕێژیم سەردانی شاخ و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەکەن

11:49 - 20 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: پاش لابردنی  فەرماندەی بەسیجی شاری سەردەشت لە ڕێوڕەسمێکدا چەندین پاسداری سپای پاسداران سەردانی خاڵە سنوورییەکانی کوردستانیان کرد.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی جۆزەردان، محەممەد پاکپوور"، فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی رێژیمی ئێران و "محەمەدتەقی ئوسانلوو"، فەرماندەی قەرارگای "حەمزەی سەیدولشوهەدا" و پاسدار شاسواری فەرماندەی سپای شوهەدای ورمێ پاش لابردنی "ئەفشین کەرەمی" و دانانی "حوجەت بەختیاری" وەکوو فەرماندەی بەسیجی ئەو شارە سەردانی خاڵە سنوورییەکانی کوردستانیان کرد.

ئەم بەرپرسە نیزامییانەی ڕێژیمی ئێران، لەگەڵ "قوربانی" فەرماندەی گوردانی "نەبی ئەکرەم" و "وەلیزادە" فەرماندەی گوردانی هەمزە سەردانی سنوورەکانی کێلی و بۆڵفەت و قاسمەڕەش، دەشتی وەزنێ و جاسووسان و بەندەنی کۆتراڵ و شوێنەکانی دیکەیان کرد.

هەواڵنێری کوردستان میدیا، لەم بارەوە ڕایگەیاند: وێدەچێت ئەو سەردانانە بە مەبەستی جێگیرکردنی هێز و پایەگای زیاتر لە ترسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ناوچانە بێت.

هەواڵنێری کوردستان میدیا هەروەها وتوویەتی: کە لە ڕۆژی شەممەوە هێزەکانی سپای پاسداران لە سەردەشت و دەوروبەری بەتەواوەتی کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشەوە.

بەپێی زانیارییەکان بڕیارە کە فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی رێژیمی ئێران سەردانی سنوورەکانی شنۆ و پیرانشاریش بکات.

شایانی باسە، کە محەممەد پاکپوور لەگەڵ چەند پاسدارێکی دیکەی ڕێژیم ڕۆژی هەینی، ١٧ی جۆزەردان سەردانی  شاخی شاهۆی کامیاران و شاخی کۆساڵانیان کردبوو.