کوردستان میدیا

پێنجشەممه 31ی جۆزەردان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرۆزبایی کەبوودوەند بۆ رزگاریی کۆبانێ

18:39 - 8 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: محەممەد سەدیق کەبوودوەند، سەرۆکی بەندکراوی رێکخراوی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە پەیامێکدا لە زیندانی ئەڤین، ئازادکردنی کۆبانێی پیرۆز کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٦ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی و دوای ئازادکردنی کۆبانێ و داماڵینی ئەو شارە لە گرووپی تێرۆریستی داعش، محەممەد سەدیق کەبوودوەند لە پەیامێکدا فیداکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستی بەرز نرخاند.

11953.jpg
محەممەد سەدیق کەبوودوەند

کەبوودوەند لە درێژەی پەیامەکەیدا، ئازادکردنی کۆبانێی دوای ١٣٣ رۆژ خەبات، لە خەڵک و شەڕڤانانی کۆبانێ و گەلی کورد پیرۆز کرد.

سەرۆکی رێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی کوردستان هەروەها ئازادیی کۆبانێی لە هەموو خەڵکی ئازادیخواز کە لە ماوەی شەڕی ١٣٣ رۆژەی شەڕی کۆبانێ لە خەڵکی کۆبانێ وگەلی کورد پشتیوانییان کردووە و هاودڵ و هاورێیان بوون، پیرۆزبایی کرد.

لە درێژەی پەیامی محەممەد سەدیق کەبوودوەنددا هاتووە:

ئارەزووم ئەوەیە کە ئازادیی کۆبانێ، سەمبولی یەکگرتوویی، لەسەر پێی خۆبوون و خۆراگریی گەلی کورد، سەرەتای رزگاری و ئازادی خەڵک لە دەرد و ئازارەکانی کورد و هەموو خەڵکی وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی داگیرکەرانی بیرتەسک و کۆتایی سەرکوتی ئازادی و مافی مرۆڤ لە ناوچەکەدا بێت.

لەو پەیوەندییەدا عەلی مورادی، کەماڵ شەریفی و محەممەد حەسەن رەزایی سێ بەندکراوی سیاسیی زیندانی میناب، لە پەیامێکدا پاککردنەوەی کۆبانێیان لە هێزەکانی داعش لە گەلی کورد پیرۆزبایی کرد.

هەروەها لە نامەیەکی دیکەدا بیست چالاکی سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی و مافی مرۆڤی کورد و فارس وەک ئەسعەد ئەردەڵان، نەسرین ستوودە، سەدیق تەعریف، ئیجلال قەوامی، ئەسعدا کوردپوور، هادی ئەدەب و قوتبەدین سادقی ئازادیی کۆبانێیان لە هەموو خەڵک و بەتایبەت مرۆڤدۆستان و ئازدیخوازان پیرۆز کرد.

11949.jpg

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئازادکرانی کۆبانێ و پاککردنەوەی ئەو شارە لە هێزەکانی داعش دوای ١٣٣ رۆژ بەرخۆدان شەپۆلێکی شادی سەرتاسەری کوردستانی گرتەوە.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رزگاریی کۆبانێ، لە پەیامێکدا پاککردنەوەی کۆبانێی لە هێزەکانی گرووپی تێرۆریستی داعش پیرۆزبایی کرد.

لە پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێراندا کە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٧ی بەرفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاو کرایەوە، ئازادکرانی کۆبانی بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هاوپەیمانیەتی جیهانی شەڕ دژی داعش، پێشمەرگە و شەڕڤانانی کورد و بنەماڵەی شەهیدانی رێگای ئازادی کوردستان پیرۆز کرابوو.

لە بەشی کۆتایی پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتدا هاتووە ئێمە هیوادارین کە ئەو سەرکەوتنە سەرەتایەک بێت بۆ سەرکەوتنی کۆتایی و دەرکردنی داعش لە خاکی کوردستان.

گرووپی تێرۆریستی داعش دوای گۆڕینی بەرەی شەر لە عێراق و هێرش بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، هێرش بۆ سەر کۆبانێی دەست پێکرد و ئەو شەڕە هەتا ئازادکردنی تەواوی کۆبانێ، ١٣٣ رۆژی خایاند.

ئاویەر. ت