کوردستان میدیا

شەممه 5ی جۆزەردان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی گەڕانەوەی مەسعوود تەک سکرتێری گشتیی پارتی سوسیالیست بۆ کوردستانی تورکیە

22:05 - 26 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی گەڕانەوەی مەسعوود تەک سکرتێری گشتیی پارتی سوسیالیستی کوردستان بۆ کوردستانی تورکیە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێر و ئەندامانی ئەو حیزبە کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

برای بەڕێز كاك مەسعوود تەك

سكرتێری گشتی پارتی سوسیالیستی كوردستان

لەگەڵ ڕێز و سڵاو


بە بیستنی هەواڵی گەڕانەوەی ئێوە و هاوڕێیانی حیزبەكەتان بۆ كوردستانی توركیە و هەوڵدان بۆ خەباتی نەتەوەیی پارتی سوسیالیست، بە شێوەیەكی فەرمی لەو بەشە لە خاكی كوردستاندا، زۆر دڵخۆش بووم.
بە بۆنەی هەڵگرتنی ئەو هەنگاوە، لە لایەن خۆم و هاوڕێیانم لە ڕێبەریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە، پیرۆزبایی گەرمتان ئاراستە دەكەم و هیواخوازم كە بەردەوامیی ئێوە لەم شێوە خەباتە، شوێندانەرییەكی بەرچاو و ئەرێنی هەبێت لەسەر بەرەوپێشبردنی خەباتی خوشك و براكانمان لە كوردستانی باكوور، بە ئامانجی بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانیان.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

سكرتێری گشتی

مستەفا هیجری

٢٠١٥/١٠/١٨

١٣٩٤/٧/٢٦