کوردستان میدیا

شەممه 30ی خەرمانان 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییەکانی ئەندامانی حیزبی دێموکرات، ڕێژیمی شلەژاندووە

11:22 - 15 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: چالاکییەکانی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شار و ناوچەکانی کوردستان ڕێژیمی ئێرانی وەلەرزە خستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری مەهاباد و لە گوندی دزەی مەرگەوەڕ سەربە شاری ورمێ، بۆ پیشتیوانیی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هێزی پێشمەرگەی کوردستان و درێژەدانی ڕێبازی شەهیدان، چالاکی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

شەوی دووشەممە، ١٣ی جۆزەردان، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لەسەر مەزاری شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە گوندی دزەی مەرگەوەڕ سەربە شاری ورمێ، بە هەڵدانی ئاڵای کوردستان و جامانە و هەروەها بە نووسینی دروشمی ''بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران''، ''بژی ڕاسان'' و ''بژی پێشمەرگە'' چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە،١٤ی جۆزەردان، هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران هێرشیان بۆ سەر مەزاری شەهیدان گوندی دزەی مەرگەوەڕ کردبوو، کە ئاڵای کوردستان لەو شوێنە بهێنە خوارەوە و دروشم و نووسراوەکان بسڕنەوە، بەڵام خەڵکی ئەو ناوچەیە کە بە بۆنەی جێژنی ڕەمەزان سەردانی گڵکۆی شەهیدانیان کردبوو، بەرەنگاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەبنەوە و لەو شوێنە دەریان دەکەن.

هەر لەم پەیوندییەدا، قارەمانانی دێموکرات لە بەرزایییەکانی شاری مەهاباد بە هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕی.