کوردستان میدیا

هەینی 25ی خەزەڵوەر 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشە کارییەکانی ڕێژیم لە خەباتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات

12:22 - 23 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیم لە نوێترین هەوڵیدا بۆ بەلاڕێدابردنی بیر و ڕای گشتی لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا و لە چوارچێوەی سیاسەتی دژایەتیی خەباتی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵات، فیلمێکی سینەمایی بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، قەرارگای میدیایی بەسیج بە هاوکاریی قەرارگای نەجەف ئەشرەف، فیلمێکی سینەمایی بە ناوی" چشمان بیدار بمو"ی بە دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و خەباتی ڕەوای کورد ساز و بڵاو کردووەتەوە، کە لە سینەماکانی کرماشان بڵاو دەبێتەوە.

لەو فیلمەدا ڕێژیم، هەوڵ بۆ چەواشەکاری و دژایەتیی لەگەڵ خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و پڕوپاگەندە بۆ دەسەڵاتی دژە مرۆییی خۆی و ژاراوییکردنی بیر و ڕای گشتی لە ڕۆژهەڵات بەتایبەت پارێزگای کرماشان، دەدات.

جێگەی ئاماژەیە کە هەموو ئەو کەسانەی کە لە سازکردنی ئەو فیلمەدا بەشدار بوونە، لە ئەندامانی سپای پاسداران و خۆفرۆشانی ناوچەکەن و لە ڕاستای سیاسەتە دژە گەلییەکانی ڕێژیم بە دژی کورد داڕێژراوە لە واقعییەت دوورن.

ڕێژیم یەکەمجار نییە بە سازکردنی فیلمی سینەمایی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات، هەوڵ دەدات جیلی تازەی ڕۆژهەڵات لە میژووی خەباتی کورد دوور بخاتەوە و ڕاستییەکانی ئەو خەباتە ڕەوایە ئینکار بکات و جەنایەتەکانی خۆی بشارێتەوە و لە پێوەندییەدا سەدان پیلانی داڕشتووە.