کوردستان میدیا

سێشەممه 27ی خەرمانان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسانى رۆژهەڵات

15:35 - 28 گەلاوێژ 2718

بەدرەدین ساڵح

ڕاسانى ڕۆژهەڵات قۆناخێكى تازەى مێژووى كورد لە راسانەوە دەست پێدەكات.

وەك دەزانين بەشێك لە هۆكارەکانى ژێردەستەبوون و پارچەپارچەبوونى نيشتمان و نەتەوەى كورد دەگەرێتەوە بۆ شێوازى بەلاڕێدابردنى بيركردنەوەى تاكى كورد كە ئەم بەلاڕێدابردنە دەگەڕێتەوە بۆ شێوازى بيركردنەوە و سەرچاوەى ئەم بيركردنەوەيەش دەگەرێتەوە بۆ كارتێكردنى ئەو بەرنامە درێژخايەنە پەروەردەييەى كە لە ناوەندی دیارەوە بە هزرى شاردنەوەى راستييە مێژوويى و زاتيبەكانى مروڤى كورد و گەوجاندنى تاكى كورد و كوێركردنەوەى تواناى هزركردنەوەيەتى كە ئیدئۆلۆژیی سەردەست بەسەر كوردستان هێناویەتى.

راسانى ئەمجارەى كورد لە رۆژهەڵاتى نيشتمان چ لەبوارى تيۆرى و چ لەبوارى پراكتيك گۆڕانێكى پۆزەتيڤى بنەڕەتييە بەسەر كۆمەڵگە و كەسايەتى تاكى كورددا.

بەشێوەيەك کە لەدواى راساندا هەست دەكرێت ژێرخانى بيركردنەوە و هزر و هێزى بڕيارى كلاسيكى لە قاڵبدراوى كورد و جورئەتى زيندانى كراو و ئەندێشەى بڕيارى دروستى كورد بەتايبەت لە ڕۆژهەڵات لە بناخەوە هەڵتەكا و سەرلەنوێ بەپێناسەيەكى دروست و زانستى پێويستى سەردەم دارشتۆتەوە و پێناسە كردەوه.

من لەگەڵ رژانى خوێنى هيچ گياندارێكى نيشتمانەكەشم نيم چ ئەوانەشى كە عادەتم بە خواردنى گۆشتيشيان كردووە، چ بگاتە رژانى خوێنى لاوانى نيشتمان و مرۆڤى كورد، بەڵام پێگەياندن و پەروەردەى نەوەى راسان و پێسپاردنى خاوەنداريەتى شۆڕش و خەبات لە سياسييەكان و حیزبەكان و پێشمەرگەوە بۆ كۆمەڵگە و لاوان و هاونيشتمانيانى ناوخۆى نيشتمان تا قووڵايى دڵى دوژمن گۆرانێكە كە لە مێژووي خەباتى رزگاريخوازى گەلاندا نموونەى كەمه.

راسان پەروەردەى سەربازى و رێكخستن و رووبەرووبونەوەى بە ميتۆدێكى بەهێزی جیا لە ميتۆدى داگيركەر هێناوەتە ئاراوە.

بەبێ دوودڵى و ترس و گومان، ئاشكراكردنى ئەو راستييە كە لە ميدياكانى حیزبى دێموكراتدا بڵاو كراوەتەوە و لە ماوەى يەك سالى رابردوودا لە چەند رووبەرووبونەوەيەكى سەربازيدا، ژمارەيەك بەرپرس و پێشمەرگەى كوردستان تا دواگوللە رووبەرووى هێزى داگيركەر بوونەتەوە و لەكاتى ناچارى و نەمانى تەقەمەنى لەوپەڕى بوێرى خۆيان بەخۆكوشتنى بەكۆمەڵ و خۆتەقاندنەوە بەڵام تەسليم نەبوون؛ ئەمە ئەو بومەلەرزەيەيە كە هەموو ئەو پلان و ميتۆد و بەرنامانەى هەڵوەشاندەوە كە سەدان ساڵە ئێمەيان پێ ژێر دەست و رەزيل كردووە.

ئەم ميتۆدە كە ئيرادە و باوەڕێكى پۆڵايى و پتەوى نەتەوەيى كوردە كە ١٥٠٠ ساڵە لێمان دزراوە بێگومان دەبێتە هۆى رووخانى هاش و هوش و ورەى پوشاڵى ئەو دەسەڵات و كلتورەى كە بە ئاگر و خوێنڕشتن باسى مێژووى درۆ و ساختەى ٢٥٠٠ ساڵەى ئێران دا كات.

راسان لە رۆژهەڵات دەرفەتێكى مێژوويى و زێڕينە كە كورد دووبارە خۆى پێناسە دەكاتەوە و كەسايەتى راستەقينە بۆ تاكى كورد دەگەڕێنێتەوه. بەهيواى گەيشتنى كورد بە مافە نەتەوەييەكانى بە ڕژانى خوێنى كەمتر و گەڕانەوەى مێژوو و خاك و نيشتمان و نەتەوەى دزراوى كورد بۆ خاوەنەكەى.

سەركەوتن بۆ راسان و بۆ رۆژهەڵات

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.