کوردستان میدیا

سێشەممه 1ی خەزەڵوەر 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕه‌سمی یادی دوكتور شه‌ره‌فكه‌ندی له‌ وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌ چوو

11:55 - 25 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: كۆمیته‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید سێمینارێكی بۆ یادی دوكتور سه‌عید شه‌ره‌فكه‌ندی و هاوڕێیانی به‌ڕێوه‌ برد.

ئەو سێمینارەر ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٤ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، له‌ هۆڵی "شیستا ترێف"ـی شاری ستۆكهۆڵم و به‌ سروودی نه‌ته‌وایه‌تی "ئه‌ی ڕه‌قیب" و خوله‌كێك بێده‌نگی بۆ یادی هه‌موو شه‌هیدانی كورد و كوردستان ده‌ستی پێكرد.

پاشان په‌یامی كۆمیته‌ی حیزب لەو وڵاتە له‌ لایه‌ن "كاكه‌برا ئه‌لیاسی" به‌رپرسی كۆمیته‌ خوێندرایه‌وه‌.

 له‌ په‌یامەکەیەدا جه‌ختی له‌ سه‌ر نوێكردنه‌وه‌ی په‌یمانی وه‌فاداری له‌گه‌ڵ شه‌هیدان و ڕێبازه‌كه‌یان كرابوویه‌وه‌.

له‌ درێژه‌ی سێمیناره‌كه‌، دوكتور "هاشم ئه‌حمه‌دزاده"‌ باسێكی سه‌باره‌ت به‌ ته‌وه‌ری‌ بیره‌وه‌ری، مێژوو و كه‌سایه‌تیه‌كان و ڕۆڵی ئه‌م دوو فاكته‌ره‌ له‌ سه‌ر دروستكردنی شوناس پێشكه‌ش كرد. سه‌باره‌ت به‌ ته‌وه‌ری بیره‌وه‌ری ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ “گۆڕی ئێعدامكراوان و شه‌هیدانی دیكه‌ دیار نیه‌، ئه‌مه‌ش پیشان ده‌دات كه‌ دوژمن هه‌وڵ ده‌دات به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بیره‌وه‌ریه‌كانمان بسڕێته‌وه”‌.

دوكتور هاشم ئه‌حمه‌دزاده‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی كه‌سایه‌تیه‌كان له‌ ناو مێژوو دوو پرسیاری وروژاند: “ئه‌گه‌ر هیتلێر نه‌با شه‌ری جیهانی دووهه‌م ڕووی ده‌دا؟ ئه‌گه‌ر چیرچیل نه‌با هاوپه‌یمانان ده‌یانتوانی له‌ سه‌ر دوژمن سه‌ركه‌ون”. به‌م شێوه‌ ناوبراو جه‌ختی له‌ سه‌ر گرینگی بوونی كه‌سایه‌تیه‌كان له‌ ناو مێژووی گه‌لانی كرد و له‌ ناو نه‌ته‌وه‌ی كورد ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی دوكتور قاسملوو و دوكتور سه‌عید كرد كه‌ له‌ ناو ئاكادیمیسیه‌نه‌ كورد و غه‌یری كورده‌كان جێگایه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه‌. ناوبراو درێژه‌ی دا به‌ باسه‌كانی و وتی: “له‌ مێژوودا بەپێی پێداویستی كاتی، كه‌سانێك په‌یدا ده‌بن كه‌ رۆڵی خۆیان له‌ هه‌موو كه‌س باشتر ده‌گێڕن، نه‌بوونی ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ سه‌رده‌مانێك ده‌بێته‌ هۆی لاوازی خه‌بات”.

دوكتور ئه‌حمه‌دزاده سه‌باره‌ت به‌ نووسینی ژیاننامه‌ی كه‌سایه‌تیه‌ مێژووییه‌كانی كورد‌‌ ڕه‌خنه‌یه‌كی ئاراسته‌ی حیزب و ڕۆشنبیره‌كان كرد و وتی “به‌داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێكی بیانی بیهه‌وێ له‌ سه‌ر ژیانی كه‌سێك وه‌كوو دوكتور سه‌عید یان دوكتور شه‌ره‌فكه‌ندی بزانێت، هیچ په‌رتووكێك به‌ زمانی ئینگلیزی بوونی نیه‌”.

هاشم ئه‌حمه‌دزاده‌ له‌ كۆتایی باسه‌كه‌ی، به‌ گرێدانی دوو فاكته‌ری بیره‌وه‌ری و كه‌سایه‌تیه‌كان، جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ “ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌ ئێمه‌ و له‌ شۆناسی ئێمه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ ژیانیان بنووسرێته‌وه‌، هه‌م وه‌كوو ژیاننامه‌ و هه‌م له‌ چوارچێوه‌ی ڕۆمان”.

له‌ درێژه‌ی سێمنارەکەدا دوكتور "خالید خه‌یاتی" باسێكی له‌ژێر سه‌ردێڕی “له‌ دوكتور سه‌عیده‌وه‌ هه‌تا قه‌ڵای كۆیه‌، سه‌ره‌تای مێژوویه‌كی نوێ و چه‌ند ڕامانێك” پێشكه‌ش كرد.

ناوبراو باسه‌كه‌ی خۆی به‌ پیشاندانی چه‌ند وێنه‌یه‌ك له‌ ئێعدامكراوانی كورد، هێرش بۆ حیزبی دێموكرات، وشكبوونی گۆلی ورمێ، كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕێژیم له‌ كوردستان و كۆڵبه‌رانی كورد، ده‌سپێكرد.

پاشان سه‌باره‌ت به‌ تێرۆریزمی كۆماری ئیسلامی، دوكتور خالید خه‌یاتی ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا كرده‌وه‌ی حكوومه‌تێكی سته‌مكار نیه‌، به‌ڵكوو له‌ عه‌قڵانیه‌تێكی تایبه‌ت سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. له‌ سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه‌ش ناوبراو وتی كه‌ “ئه‌م كرده‌وانه‌ به‌ستێنی مێژوویی، فه‌رهه‌نگی و ئابوورییان هه‌یه‌ و له‌ سه‌ر بنه‌مایه‌كی هۆویه‌تین”.

دوكتور خالید خه‌یاتی سه‌باره‌ت به‌ دیالكتیكی نێوان كوردبوون و ئێرانی بوون وتی كه‌ “كورد وه‌كوو ئۆبژه‌یه‌كی مۆسته‌عمره ‌كراوه‌ و ده‌بێت به‌ شه‌رتی ئه‌و هه‌ستێ و دانیشێ. بۆیه‌ دوژمن هه‌وڵ ده‌دات كه‌ هه‌بوون و هوویه‌تی كورد بسڕێته‌وه‌. داهێنه‌ری كورد، وه‌كوو كۆچه‌ر بیركار، به‌ ناو ئێرانی ده‌ناسرێت. كورد له‌ ڕوانگه‌وه‌ی ئه‌واندا له‌ باشترین حاڵه‌ت بوونه‌وه‌رێكی فولكلۆرییه‌. به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م ڕوانینه‌ كورد به‌رگری ده‌كات”.

دوكتور خالید خه‌یاتی له‌ درێژه‌ی باسه‌كه‌ی خۆی و له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی به‌رگری، چه‌ند پێشنیارێكی ئاراسته‌ی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كورد كرد، وه‌كوو هه‌بوونی دیسكۆرسی هاوبه‌ش، یه‌كگرتوویی، هێزی پێشمه‌رگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و دیپلۆماسی هاوبه‌ش.

لەو سێمینارەدا چەندین حیزب و لایەنی سیاسی پەیامیان پێشکەش کرد کە بریتین لە:

ـ پەیامی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

ـ پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان

ـ پەیامی پارتی سوسیالیستی کوردستان ـ باکوور

ـ پەیامی بزووتنەوەی دێموکراتیکی یارسان

ـ پەیامی فیدراسیونی کۆمەلەکوردستانیەکان لە سوید

ـ پەیامی هاوبەشیی یەکیەتیی لاوان، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کورستانی ئێران و یەکیەتیی کوردان

 ئه‌م سێمیناره‌ به‌ پێشكه‌ش كردنی دوو خه‌ڵات بۆ هه‌ریه‌ك له‌ دوكتور هاشم ئه‌حمه‌د زاده‌ و دوكتور خالید خه‌یاتی، له‌ لایه‌ن كۆمیته‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە سوید كۆتایی پێهات.